Fakhradin Ibrahim Mohammad
09 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2021
هەولێر – AA
شاندێکی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە مەبەستی هەماهەنگکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، سەردانی هەولێر دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی کۆبوونەوەیان دەبێت و پرسی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان تاوتوێ دەکات.
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان مەبەست، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردبوو و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی، لەگەل سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی گفتوگۆیان کردبوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دوای زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، فەرمانی کرد کە بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پڕبکرێتەوە.