Sarmand Hameed
10 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2020
هەولێر - AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵی گشتی پێشووی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ستیڤ فەیگن دەکات کە سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی بە ئەرکەکەی هات لە هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "سـوپاس و پێزانینم هەیە بۆ بەڕێز سـتیڤ فەیگن بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها نووسیوویەتی "سوپاسی بەڕێزیان و تیمی یاوەری دەکەم بۆ ئەو رۆڵە گرنگ و خزمەتەی پێشکەشیان کردووە لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا".
سەفین دزەیی وێنەیەکی خۆی و ستیڤ فەیگن-ی لەگەڵ پۆستەکەی بڵاوکردەوە کە تەوقە لەگەڵ یەکتر دەکەن و لەوە دەچێت ساتی ماڵئاواییکردنی فەیگن بێت لە دزەیی.
پێشتر کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ستیڤ فەیگن رایگەیاندبوو کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەجێھێشتنی ھەولێر و ئاماژەی بەوە کردبوو "ئەم دووساڵەی رابردوو وەک ماڵی خۆم سەیرمکردووە حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاراستە بکەم لەبەرامبەر ھاوڕێ و یادگاری و پێکەوە بەدەستھێنانی کاری شایستە و مانادار".
ستیڤ فەیگن لە ھەژماری تایبەتی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی "کارکردن لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی برەودان بە ئامانجە ھاوبەشەکانمان ئیمتیاز و شەرەف بووە بۆ من و لە ھەمان کاتیشدا بووەتە بەشێکی دیار و سەرەکی پیشەکەم، خۆشحاڵبووم بە کارکردن لەگەڵ جێگری کۆنسولی گشتیی، ئێلیزابێس رەوزنستۆک-سیلەر کە ئەویش بەم نزیکانە ھەولێر بەجێدەھێڵێت، ھەروەھا تەواوی ستافی کۆنسولخانە کە لە رێیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا پتەوترکردووە".
لە پەیامەکەی کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر ئەوەیش خرابووەڕوو کە لە چەند رۆژی داھاتوودا بەخێرھاتنی کۆنسولی نوێی ئەمریکا، بۆب واڵەر و جێگرەکەی، کەیتی کایزەر دەکەن.
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ستیڤ فەیگن چەند وێنەیەکی خۆیشی بڵاوکردووەتەوە کە گوزارشت لە دوو ساڵی رابردووی دەکات لە ھەرێمی کوردستان و نووسیبووی "سەیری ئەم وێنانە بکەن کە نیشاندەری ھەندێک لە بەرچاوترین ئەو ساتانەن لە ھەرێمی کوردستان بەسەرم بردوون، سوپاستان دەکەم بۆ ھاوبەشی پێکردنی کولتوورە نایابەکەتان لەگەڵمدا لە ماوەی ئەم دووساڵەی رابردوودا".
ئەمڕۆش کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر بڵاویکردەوە کە رۆب واڵەر وەکو کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەولێر لە رێکەوتی یەکی تەمووزی ٢٠٢٠ دەست بەکاربوو.