Hawkar Yaseen
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگهیاند: "پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچی دەبێت دابنیشین بەیەکەوە یەکتری قبوڵ بکەین، دامەزراندنی حکوومەتی عێراق بۆ ئێمە گرنگە و ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دروستمان کردووە پێویستە بیپارێزین".
سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر دەربارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکان قسەی کرد.
ئەندامهكهی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، بۆیە دەڵێین جیاوازە دوو سێ رەگەزی نوێی تێدایە، رەگەزی یەکەم بابەتی گۆڕینی ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان کە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانەوە کرا بە دادوەرەکان، دووەم عێراقێک کە ١٨ بازنە بوو لەسەر بنەمای ١٨ پارێزگاکەی عێراق کرا بە ٨٣ بازنە، ئەم دوو رێکارەش بۆ ئەوە کراوە کە هەوڵدان بۆ گزی کردن زۆر زەحمەت و گران بکات، روونادات بە دەنگی زاخۆ یەکێک لە هەڵەبجە دەربچێت و بەدەنگی هەڵەبجەش یەکێک لە حەمدانییە دەربچێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ ساغ کردنەوەی عێراقە، عێراقێک تاوەکو ئەم ساتەوەختە جێگیر نییە لە ئەنجامی دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی، لە ئەنجامی نەبوونی ئەندامانی ئەنجوونی نوێنەرانی سەربەخۆ، نەبوونی وەزیری سەربەخۆ، بەڵکو زۆر جار بۆ بڕیاردان لەسەر شتێک داوا کراوە تەلەفۆنێک بکەن بۆ ئەنقەرە یان تاران یان سعوودیە و قەتەر، بۆ ئەوەی بڕیاریان پێبدرێت لەسەر بابەتێک، نوێنەرانی خەڵکی عێراق نابێت لەسەر ئەم بنەمایانە بڕیار بدەن، دەبێت لەسەر بنەمای خواستی خەڵکی هەولێر، روومادی و نەینەوا و شارەکانی دیکەی عێراق بڕیار بدەن".
لەبارەی دۆخی ئێزدییەکان و شنگالیش سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێگا نەدراوە خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان پاش ئەو کارەساتەی لە شنگال روویدا، کە پێم وایە کارەساتێکی زۆر گەورەبوو، شنگالییەکان ٧٤ جار جینۆساید لە دژیان کراوە هەقی خۆیانە گومان لە هەموو لایەک بکەن، گرنگە ئێمە کار بۆ ئەوە بکەین چۆن پارێزگاری لە ئێزدییەکان بکەین، حکوومەتی عێراق لە پارێزگاریی کردن لە ئێزدییەکان فەشەلی هێناوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش فەشەلی هێناوە و پارێزگاری نێودەوڵەتیش فەشەلی هێناوە، بۆیە گرنگە بیر لەوە بکەینەوە چۆن بیانپارێزین، ئەو کارەساتەی روویداوە هەوڵێکە بۆ شکاندنی کەسایەتی ئێزدییەکان و پێویستە وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی بەپێی قانوون چارەسەر بکرێت".
گوتیشی: "ئێزدییەکان بەدڵنیاییهوه رۆژی سێی ئابیان لەبیر ناچێت، ئەو رۆژەی کە شاری کۆچۆ وێران کرا، ئەو رۆژەی کە سەدان و هەزاران ژن رفێندران، ئەوکاتە هێزێک لەوێ هەبوو ئەو هێزە نیوەی شەو پاشەکشێی کرد بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت، ١١ هەزار سەرباز هەبوو لەوێ بۆیە پێویستە ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئێمە هەر باسی تیرۆریستەکان دەکەین کە دەبێت سزا بدرێن بەڵام ئەوەی ئەوانەی بەشێک لە ئاسانکارییان بۆ کردن کێ بوون، دەبێت ئەوانەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن".
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی هەڵبژاردنیش رایگەیاند: "ئەمڕۆ کە لە دوا ساتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنداین، بە بڕوای من ئەم جارە هەڵمەتێکی ئەقڵانیمان بەڕێوە برد زۆر هاتوهاواری تێدا نەبوو، پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچی دەبێت دابنیشین بەیەکەوە یەکتری قبوڵ بکەین، دامەزراندنی حکوومەتی عێراق بۆ ئێمە گرنگە وە ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دروستمان کردووە پێویستە بیپارێزین کە لە ئەنجامی سەرکردایەتی کردنی وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و گەیشتە ئەوەی ئەنجامێکی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ئێمە مەحکومین کە بەیەکەوە کار بکەین بۆیە دەبێت هەموو لایەکمان کارێکی وابکەین کە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو بێت و پرۆژەیەکی تەواوی هەبێت بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هەیە بە تایبەتی پارێزگای مووسڵ و شنگال، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، مانەوەی خەڵک لە کەمپەکان تەنیا بۆ تەزویر و گزی کردنە ئەگینا کەمپ لە دهۆک بێت یان لە مووسڵ یان لە شنگال جیاوازی چییە، هێشتنەوەیان لەوێ تەنیا بۆ تەزویرە".