قاھیرە
لەوتووێژێکی تەلەڤزیۆنییدا، سەرۆکی کاتی میسر (عاەدلی مەنسوور) لەبارەی رەوشی سیاسی وڵاتەکەیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە قسەیکرد.
مەنسوور لەبارەی پەیوەندیی میسرو تورکیا گوتی" خوازیارین لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکانمان بەرەو باشبوون بچێتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ چاککردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەموو لایەک گفتوگۆ بکەین، بەو مەرجەی دەستتێوەردان نەکەن ئێمە رێنادەین بەھیچ وڵاتێک خۆی ھەلقورتێنێتە کاروباری ناوخۆی میسرەوە".
سەرۆکی کاتی میسر ھەروەھا باسی پرۆسەی ئاشتی کرد لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل و رایگەیاند: ئەوان لەگەڵ بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتەوایین لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پشتگیریی ھەر ھەنگاوێک دەکەن لەوبارەیەوە بنرێت. زیاتر ئەرکی ئیسرائیلە راستگۆیی نیشان بدا لەسەر پرۆسەکە.
لەدرێژەی وتووێژە تەلەڤزیۆنەکەدا سەرۆکی کاتی میسر ئاماژەی کرد بەھەوڵدانیان بۆ باشترکردنی رەوشی ئارامی ئابووریی لەمیسر، لەوبارەیەوە گوتی "سێ ملیۆن و نیو خەڵکی بێکار ھەن لەمیسرداو تەقریبەن ٣٨.٤ میلیار دۆلار قەرزاری وڵاتانی دەرەوەین، ھەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە رێژەی بێکاریی کەمکەینەوەو قەرزە کەڵەکەبووەکان لەسەر میسر لابەرین".