Heman Hussein Yaseen
02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2020
ھەولێر-AA
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بیر لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بکاتەوە لە چوارچێوەی راگەیاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆدا.
عەبدولستار مەجید سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و ناڕەزاییەتی و گردبوونەوەی بەشێک لە کاسبکارانی قەزای دەربەندیخان و ناوچەکانی دیکەی وەک رانیە و قەڵادزێ دژبە بڕیارەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لەگەڵ ئەوەم کە ھاووڵاتییان رەچاوی دۆخی تەندروستیی خۆیان بکەن، ھاوکات حکوومەتیش ئەرکییەتی کە ئاگاداری دۆخی ھاووڵاتییان بێت و رێنمایی تایبەت بە ھەر پەتا و نەخۆشییەک دەربکات، بەڵام بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ناسکە و گوزەرانی خەڵک دژوارە، ئێمە دوو رێگامان لە پێشە کە یان دەبێت حکوومەت کاتێک قەدەغەکردنی ھاتوچۆ رادەگەیەنێت ئەوا دەبێت گوزەرانی خەڵک دابین بکات، یان دەبێت خەڵک کار و کاسبی خۆی بکات بە مەرجی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "پرسیارێک ھەیە ئەویش ئەگەر کەسێک کار و کاسبی و داھاتی رۆژانه بوو، بەڵام ھەفتەیەک یان مانگێک لە ژوورەوە بوو بەھۆی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، ئایا کێ بەرپرسیارە لە ژیانی ئەم کەسانە، بێگومان حکوومەت بەرپرسیارە، بۆیە دەبێت رێگا بە خەڵک بدرێت کە کار و کاسبی خۆیان بکەن و خەڵکیش بەرپرسیاربێت لە تەندروستی و خۆپارێزیی خۆیان''.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کورستان، بە پەندێکی کوردی کە دەڵێت "سکی تێر ئاگای لە سکی برسی نییە" ئاماژەی بە دۆخ و گوزەرانی بەشێک لە ھاووڵاتییان کرد و گوتی: ''وەک کورد دەڵێت کە سکی تێر ئاگای لە سکی برسیی نییە، ھەر بۆیەش خەڵک ھەبووە پەیوەندی بە منەوە کردووە کە گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بۆ قوتوویەک شیری منداڵان گریاوە کە توانای کڕینی نەبووە، بۆیە دەبێت بیر لە گوزەرانی ئەوانەش بکرێتەوە''.
لەبارەی ئەوەی کە ھەندێک پێیان وایە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سیاسیی کراوە، عەبدولستار مەجید جەختی لەوەکردەوە کە ئەم ڤایرۆسە بوونی ھەیە و پێویستە ھەموولایەک خۆپارێزی بکات و گوتی: ''نکۆڵی لە بوونی ئەم ڤایرۆسە ناکرێت و مەترسی لەسەر ھەموو دونیا ھەیە، لێرەش بە ھەمانشێوە، بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم کە ئەم بابەتە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت''.