Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەروەها کۆنسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، رۆب واڵەر ئامادەی بوو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بارودۆخی عێراق تاوتوێ کرا.
لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کردووە کە کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی هاتوونەتە ئاراوە بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرچاو بگیرێت و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی نەخوازراوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو رەفتارەی لە بەرامبەر دانیشتوانی کوردی ئەو دەڤەرانە دەکرێت، ئاماژەی بە زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستان لەو دەڤەرانە داوە و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمەکانی ھەماھەنگیی زیاتر و ھاوکاریی ئەمەریکا بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی و تەندروستیی ئێستا کراوە.