Heman Hussein Yaseen
19 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2026
فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پێشوازی لە ھەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لەم دۆخە ھەستیارەدا ناوچەکەمان لە ھەمووکات زیاتر پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا ھەیە.
لە پەیامەکەی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ھاتووە: "پەرلەمانی کوردستان، وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، بنەمایەکی سەرەکيیە لەوەی ئیرادەی ھاووڵاتیيان ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیيەت. بۆیە پاراستنی پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی ھەرێم و مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستانە لە عێراق، کە بە خەباتێکی دوورودرێژ و قوربانیی بێشومار و پێداگریی گەلەکەمان ھاتوونەتەدی".
ئەوەشخراوەتەڕوو کە: "فراکسیۆنەکەمان پێشوازی لە ھەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، تا ئەم دامەزراوە گرنگە بتوانێت ڕۆڵی سروشتی و یاسایی خۆی جێبەجێ بکات. چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستیەکی نیشتمانی و دەستووری و دامەزراوەییە، بەتایبەتی لەم دۆخە ھەستیارەی ناوچەکەماندا کە زیاتر لە ھەر کاتێک پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان".