Zana Natık Kerem
02 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راگەیاند کە لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووریی جیددین و گوتی: "دەستکردن بە جێبەجێکردنی میکانیزمی کارگێڕی و پلانی چاکسازی ئابووریی لە چوارچێوەی پەڕی سپیدا، رادەگەیەنیین".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، لیژنەی باڵای چاکسازیی ئابووریی کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە لەو کاتەی پەڕەی سپییان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووریی و چارەسەرکردنی گەندەڵی لەو وڵاتە راگەیاندووە، لەسەر ئەوە کار دەکەن کە کەشێکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەڕەی سپی بخوڵقێنن و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆماندا، دەستکردن بە جێبەجێکردنی میکانیزمی کارگێڕی و پلانی چاکسازی ئابووریی لە چوارچێوەی پەڕی سپیدا، رادەگەیەنیین".
گوتیشی: "دەمانەوێت دووبارە ئابووری وڵاتەکەمان بەھێز بکەینەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی، گەیشتووەتە ئاستێکی خراپ".
مستەفا کازمی باسی لەوەشکردووە کە پلانی چاکسازی، دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی عێراق کە تەنھا پشت بە نەوت نەبەستێت، بەڵکو پشت بە فرە سەرچاوەی داھات ببەستێت و گوتی: "دەمانەوێت بۆ عێراقییەکانی بسەلمێنین لەوەی لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووریی، جیددین کە ئەنجامەکەی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەردەکەوێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، ئابووری عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە و لەبەر ئەوە ئەستەمە، پلانی چاکسازی لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکرێت و گوتی: "ئامانجانە شکۆی ئابووریی بگەڕێنەوە بۆ عێراق".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەوەیشی گوتووە "لەو کاتەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنمان گرتووەتە دەست، بە جیددی کارمان کردووە لە پێناو ئەنجامدانی چاکسازی".