Sarmand Hameed
17 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژێک بەناوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغدا ئیدانە کرد و رایگەیاند، سووتاندنی بارەگا و شوێنە گشتییەکان ناچێتە خزمەت بەرژەوەندی وڵات، بەڵکو ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
ھاوکات جەختیش دەکاتەوە کە بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان، کە خاوەن رەمزیەت و پێگەی مێژووییە، قابیلی قبوڵ نییە.
لە راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە کە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا دەست پێبکرێت و ئەوانەی کەمتەرخەمن سزا بدرێن، لەھەمان کاتیشدا داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکات دان بەخۆیاندا بگرن.
ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقە
لەکاتێکدا ھەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە چڕ دەکرێنەوە کە ھەڕەشەن بۆ ئاسایش و ئابووری وڵات، ئەمڕۆ بینیمان لەلایەن گرووپێکی لەیاسادەرچوو و بەدەر لەرێکاری ئاشتیخوازانەی ئازادی رادەربڕین و پاراستنی شکۆی دەوڵەت، ھێرشکرایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا.
ھاریکاری و یەکڕیزی نێوان سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھێزەکانی دیکە سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆر بەدەست ھێنا، بۆیە رێگەپێدراو نییە ئەو قوربانیانە تێکەڵ بەشتی لاوەکی و ھەڵچوون و ئاژاوەگێری بکرێن کە ئەمڕۆ ئەوانە بەسووتاندنی ئاڵای کوردستان گوزارشتیان لێکرد، ئەو ئاڵایەی پێگە و رەمزیەت و دەلالەتی مێژوویی لای عێراقییەکان ھەیە و بەشێکە لە پێکھاتەی دەستووری عێراق.
ئێمە لەسۆنگەی ھەڵوێستی نەگۆڕمان لە پشتیوانیکردنی ئازادی رادەربڕین بەشێوەی ئاشتیانە، ئەو کردەوە ئاژاوەگێریە ئیدانە دەکەین کە لەبەرژەوەندی کەس نییە و ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش ئەخاتە مەترسییەوە.
ھەروا جەخت دەکەینەوە کە لێکۆڵینەوەی خێرا لەو پەلاماردانە بکرێت و سزای ئەنجامدەرانی بدرێت، بەتایبەتی کە حەشدی شەعبی بێ بەریبوونی خۆی لە سووتاندنەکەی ئەمڕۆ راگەیاند و بەرامبەر ئەوانە وەستایەوە کە بێ پەروا ویستیان یەکڕیزی نیشتمانی تێک بدەن، ھاوکات ھەموو لێدوانێکیش رەت دەکەینەوە کە دەزگا فەرمییەکان و ھێزە ئەمنییەکان لەکەدار بکات.
ھەر لەم ساتەوەختە یەکلاکەرەوەیەی وڵاتدا، بەوپەڕی ئازار و دڵگرانییەوە ھەواڵی پەلامارە تیرۆرستییە ترسنۆکانەکەی قەزای بەلەدیشمان لە پارێزگای سەلاحەدین پێگەیشت،کە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان و ئاڕاستەکردنی بۆ قەلاچۆکردنی توندوتیژی و تیرۆر دووپات ئەکاتەوە کە ئەیەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵات تێکبدات.
ھەروەھا داوا لە ھەموو لایەک ئەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و وابکەن زمانی عەقڵ زاڵ ببێ و بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە سەروی ھەموو ئیعتیبارێکی ترەوە، چونکە عێراق پێویستی بە یەکخستنی ھەڵوێستی نیشتمانی و ریزەکانی ھەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان کە وڵاتەکەمان تووشی بووەتەوە.
گوتەبێژێک بەناوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
٢٠٢٠/١٠/١٧