Zana Natık Kerem
21 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بەغدای پایتەختی جێهێشت و بەرەو تاران پایتەختی ئێران، بەرێكەوت.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە بەغداوە بەرەو تاران بەرێكەوتووە.
ئاماژەیان بەوەیش داوە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.
میدیاكان باسیان لەوەیش كردووە كە مستەفا كازمی لە میانی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەكات لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردووڵات لەگەڵ دوایین پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان.
پێشتر راگەیەندرابوو كە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی ئێران دەكات.
مستەفا كازمی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا، ئەمە یەكەم سەردانە كە بۆ دەرەوە ئەنجامی دەدات.