Rewa Mahmood Hasan
25 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2022
سلێمانی - AA
بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی کێبرکێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ دیاری کردنی سەرکۆماری نوێ کە بڕیارە لە دانیشتنی سبەینەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەڵبژێردرێت، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بەغدا.
شاندەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ هەندێک لە کەسایەتی سیاسیی عێراقدا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
سەردانی شاندی یەکێتى بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەى شەممە ٢٦ى ئادارى ٢٠٢٢، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنى سەرکۆمار کۆببێتەوە. کاندیدی فەرمی یەکێتیش بۆ ئەو پۆستە بەرهەم ساڵح-ە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی سەدر پێکهێنانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان"یان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند و بە فەرمی رایانگەیاند کە رێبەر ئەحمەد کاندیدی هاوپەیمانییەکەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
لە بەرامبەردا یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ دەرچوواندنى کاندیدەکەی چاوی لەو دەنگانەیە کە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و بەشێک لە سەربەخۆکان و ئەندامانی لیستەکەی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆی دەستەبەر دەکەن.