Muhammet Ali Kemal
21 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2017
ئەنقەرە- AA
بە مەبەستی بەشدارییکردن لە سێیەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاک پارتیدا، ئەندامانی کۆنگرە گەیشتنە هۆڵی وەرزشیی ئەنقەرە.
هاوکات هەزاران ئەندامی پارتەکە لە سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆوە، لەبەردەم هۆڵەکەدا کۆببوونەوە.
ئەو ئەندامانەی ئاک پارتی کە لە دەرەوەی ئەنقەرەوە بە پاس هاتبوون، لەو ناوچەیەیەوە کە ناوەندی کولتووریی ئەتاتورکی لێیە، بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو ئەو هۆڵەی کە کۆنگرەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، رۆیشتن.
ئەو ئەندامانەی ئاک پارتی کە دەیانویست لە کۆنگرەکەدا بەشداریی بکەن، دوای ئەوەی بە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕێنران، رێگەیان درا بێنە ناو هۆڵەکەوە. ئەوانەشی کە نەیانتوانی بێنە ژوورەوە، شاشەی گەورەیان لە دەرەوە بۆ دانراوە و خیوەتیان بۆ هەڵدراوە.
هاوکات سروودەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە دەرەوە و ناوەوەی هۆڵەکە لێدەدرێن و ئەندامانی پارتەکە بەدەم گوتنەوەی سروودەکانەوە، خۆشیی دەردەبڕن.
لەناو هۆڵەکەشدا ئاڵایەکی گەورەی تورکیا و وێنەی هەریەک لە مستەفا کەمال ئەتاتورک و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم هەڵواسراوە.
- مژاری کۆنگرەکە
بڕیارە کۆنگرەکە لە کاتژمێر ١٠:٠٠دا بە خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان، هەڵبژاردنی دیوان، وەستانی رێز و لێدانی مارشی نەتەوەیی، دەست پێ بکات.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم گوتارێک پێشکەش بکات و دواتر ناوی بەربژێرانی سەرۆکایەتی گشتی و ئۆرگانە ناوەندییەکان، پێشکەشی سەرۆکایەتی دیوان بکرێت.
هەروەها بڕیارە دوای تاوتوێکردن و پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییەی لە لایەن لیژنەی گۆڕانکاریی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەوە ئامادەکراوە و پێشکەشکراوە، بەربژێری سەرۆکایەتی گشتیی ئاک پارتی گوتارێک پێشکەش بکات.
دواتر کۆنگرەکە سەرۆکی گشتیی پارتەکەی تێدا هەڵدەبژێردرێت و ئەندامانی هەریەک لە ئەنجوومەنی ناوەندیی بڕیاردان و راپەڕاندن، ئەنجوومەنی ناوەندیی جڵەوگیریی، ئەنجوومەنی دادوەری و دیموکراسی ناوخۆیی لە ناوەندی گشتیی و ئەنجوومەنی شەرەفی سیاسی و ئیتیکی، هەڵببژێردرێن.
کۆنگرەکە بە گوتاری سوپاسکردن لە لایەن سەرۆکی گشتییەوە، کۆتایی دێت.