Melda Çetiner Karagöz
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2015
دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی گۆڕانکاری لە یاسای دەزگای خوێندنی باڵا کە دەرفەت بە دامەزراندنی ١٢ ھەزار ٥٠٠ مامۆستا دەدات، دەستپێکرد.
سەبارەت بە پێشینارەکە پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ لە لیستی مەھەپە، ئیسماعیل فاروق ئاکسو رایگەیاند لە پێشنیارەکە دەرفەت بۆ مامۆستاکانی زانکۆ دەڕەخسێنێت کە تاوەکو تەمەنی ٧٢ ساڵی کار بکەن.
ئاکسو ئاماژەی بەوە دا کە زانکۆکانی تورکیا پێویستیان بە چاکسازی ھەیە و راشیگەیاند کە ئاکپارتی ھەوڵ دەدات زانکۆکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ لە لیستی ھەدەپە، گارۆ پایلان بە ناوی گرووپەکە گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە چەند شوێنێکی وڵات ئاگر کەوتووەتەوە و مرۆڤەکان بێ بەشبوونە لە مافی بنەرەتی خۆیان و راشیگەیاند ئازارەکانیی ناوچەی رۆژھەڵات بە ھیچ شێوەیەک بۆ رۆژئاوای وڵات نەگەیشتووە و بەم پێیەش گوتی: "گشت جەستەمان بە کۆکوژی داپۆشراوە و ژەھراوی کراوە. دەوڵەت سەری گشت بکوژە نادیارەکانی داپۆشیوە. ئەمڕۆ لە رۆبۆسکی درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن و سەرپۆشی دەکەن. ئەگەر سزای رووداوەکەی رۆبۆسکی بدرابایەوە رەنگە ئەمڕۆ لەم دۆخە نەدەبووین. گەلی ئەرمەنی ئەو ھەستەی بە کوژرانی ھرانت دیک چێشتی ئەمڕۆ گەلی کورد بە رۆبۆسکی دەیچێژێت".
پایلان روونیشی کردەوە کە دووبارە بە سیاسەتی تەناھی جموجۆڵ دەکرێت و گوتیشی: "بەڵام بە سایەی ئێوە، حکوومەتی ئاکپارتی و زۆرەملێی کۆشک ئێستا ھێزەکانی تەناھی و سوپاسالار بۆردومانی گەلی خۆی دەکات. ئەوانەی ئەسەد بە بۆردومانکردنی گەلەکەی تاوانبار دەکەن، ئەمڕۆ گەلەکەی خۆی بۆردوومان دەکات". ئەم گوتانە کاردانەوەی لە لایەن پەرلەمانتارانی ئاکپارتی لێکەوتووە. پایلان لە درێژەدا گوتی: "درۆ ناکەین. دەتوانن بچن سەیری بکەن. وەرن بەیەکەوە بچین. لە جیاتی وەڵامدانەوە بە فیکر بە تانک و تۆپ وەڵام دەدەنەوە. قسەی ئێوە نا بەڵکو کۆشک و بەرپرسان چی بڵێت ئەو دەبێت".
کاتێک پەرلەمانتارانی ئاکپارتی گوتیان "کۆشک شوێنێکی شەرعیە نەک قەندیل". پایلان لە بەرامبەردا گوتی: "پێویستە گوێبیستی داواکاری کۆمەڵایەتی بین. سەدان ساڵ لەوەپێش گەلی ئەرمەنی وەک ئێستا داواکاری خۆبەڕێوەبەرییان کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ لە لایەن دەوڵەتەوە بە کۆکوژی وەڵام دەدرێتەوە. ئەمڕۆ گەلی کورد لەسەر بنەمای ناسنانە و بۆچوونی ئیدارەی خۆی داوای دیموکراتیزەبوون دەکات، بەڵام بە تانک و تۆپ وەڵامی ئەم داواکارییە دەدرێتەوە. ئێمە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیمان دۆزییەوە. زۆرێک لە وڵاتە فاشیستەکان لەم قۆناغانەدا تێپەڕ بوون و دواتر شەڕی ناوخۆ ھاتە ئاراوە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیان راگەیاند. ئێمە پێشنیاری ئەمە دەکەین بێ ئەوەی ئازار و مردن دروست بێت. فیکری ئێوە چییە؟"
بریکاری سەرۆکی فڕاکسیۆنی ئاکپارتی، ناجی بۆستانجی لەوبارەیەوە گوتی: "بە زۆرەملێی ئاکپارتی و کۆشک و بۆردومانکردنی سوپا بۆ سەر گەلەکەی، ئەمانە چی قسەیەکە. مرۆڤ تۆزێک چاوی دەکاتەوە و راستییەکانی ئەوێ دەبینێت. بەرەنگاربوونەوەی سوپا لەوێدا بەرامبەر بە گەل نییە، بەڵکو بەرامبەر بە تیرۆریستانە. تیرۆریستان بە ھاوشێوەی گەل نیشان مەدەن. بەراوردکردن لە نێوان ئەسەد و تورکیا... رەنگە ئاگاداری کردارەکانی ئەسەد نەبێت یان بە نەزانی قسەی وا دەکات یاخود بۆ ئاژاوەگێری بەو شێوەیە مامەڵە دەکات. ئاکپارتی قۆناغی چارەسەری دەستپێکرد. دیموکراسی بە زۆرەملێی چوار پێنج کەس نابێت. دەڵێن 'من لێرەدا خۆبەڕێوەبەری رادەگەیەنم ئێوە قبووڵی بکەن' ئەمەیە دیموکراسی؟ شوێنی دیموکراسی پەرلەمانە و لێرەدا ئیرادەی گەل و ئیدارەی وڵات ھەیە. ئێوەش بەشێکن لەمە. تکایە بە گوێرەی ئەوە شوێنتان دیاری بکەن و رووداوەکان بە راستی بڵاو بکەنەوە".
دواتر پایلان گوتی: "بە داخەوە نەزانینت بە خوێندن کۆتایی پێ نەھاتووە. لە ھەموو شوێنێکی تورکیا گەل ئازادە. تورکیا بەرامبەر بە ھەر ئازادییەک چارەسەرێکی پێکھێناوە. خۆبەڕێوەبەری بۆچوونێکە و ئێوەش بە بۆچوونێک وەڵام بدەنەوە. زۆرەمڵی لەوبارەیەوە لە ئارادا نییە. ھاوکات قەدیر تۆباش-یش سکاڵای یاسایی تۆمار کرد و سەرۆکی شارەوانی ئیزمیریش سکاڵای تۆمار کرووە. ئێمە بۆ گشت تورکیا پێشنیاری خۆبەڕێوەبەری دەکەین".