پەرلەمانی تورکیا
سەرۆکی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەبارەت سەرەنجامی دەستەی دانانی دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا گوتی "بەڕێز سەرۆکوەزیران تۆ دەتوانیت بەبێ ئێمە دەستوورێک دابنێیت بەڵام ئەوکاتە دەبێتە دەستوری تۆ."
دەمیرتاش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا یادی ئەحمەد کایا و سەید رەزای دەرسیمییان کردەوە و گوتی "داوای لێبوردن پێگەیشتنی مرۆڤ پیشان دەدا. ھەر دەبوو دەوڵەت و حکومەت داوای لێبواردن بکات. چ ئەم حکومەتە بێ چ حکومەتی داھاتوو ھەر دەبێت داوای لێبوردن بکات."
دەمیرتاش سەبارەت بە سەید رەزای دەرسیمی گوتی "شوێنی گۆرەکەی سەید رەزا تا ئێستا نھێنییە و نازانرێ لە کوێیە، باسی رەشەکوژیی دەرسیم دەکرێ بەڵام سەید رەزا فەرامۆش دەکرێ، روداوی سەید رەزا روداوێکە کە دەبێ داوای لێبوردنی لەسەر بکرێ. ئەگەر دەتەوێ چاکسازی لە پرسی عەلەوییەکاندا بکەیت ئەمە دەرفەتێکە. ناونانی (عەلی) لە نەوەکەت شتێکی باشە بەڵام دەرمانی دەردی عەلەوییەکان ئەوە نییە."
دەمیرتاش گوتیشی "تۆ لە دیاربەکر بۆ ئەوانەی کە لە وڵاتەکەیان دوورخرابونەوە دەگریت، بەڵام لە ھەمان کاتدا ٣٠٠ کەسی زیندانیکراو دەنێریت بۆ ئەو زیندانانەی بە ھەزاران کیلۆمەتر لە خێزانەکانیان دوورن، کەموکوڕیی زۆر لە تێگەیشتنی تۆدا بۆ چەمکی (دوورخراوەکان) ھەیە."