توركيا, سياسەت, archive

ئەردۆغان: لە سەردەمی عوسمانیدا ناوی کوردستان ھەبوو

سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەرگری لە دیدارەکەی دیاربەکر و بەرکارھێنانی وشەی "کوردستان" کرد و گوتی لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ناوی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ کوردستان بووە.

19.11.2013 - نوێکردنەوە : 19.11.2013
ئەردۆغان: لە سەردەمی عوسمانیدا ناوی کوردستان ھەبوو

ئەنقەرە

سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە ئاراستەی کرابوون.

سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: ١١ ساڵە لە سەر دەسەڵاتین و پشت بەخوا لە داھاتوویشدا خزمەتێکی زۆرتر پێشکەشی خەڵکی خۆمان دەکەین. کاتێک کە لە دیاربەکر ساتێکی مێژوویی بۆ تورکیا و ناوچەکە بەسەر دەبرا، لە سەرانسەری تورکیا فرمێسکی شادی دەڕژا، بەڵام چەند کەس و لایەنێک نایانەوێ لەو شادی و خۆشییەدا ھاوبەشیی خەڵک بکەن، بۆیە چوار رۆژە لە مەھەپەوە بگرە تا ئەو کەسانەی نایانەوێ ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێ دەستیان بە رەخنەگرتنی بێھوودە کردووە.

ئەردۆغان گوتی "١١ ساڵە لە دەسەڵاتین و چەندین خزمەتی بەرچاومان پێشکەش کردووە، بەڵام ئەو ١١ ساڵە لە لای ئێمە ئەوەندە نرخێکی گرنگی نییە و وا دەزانین کە ئەمڕۆ بەیانی ھاتووینەتە سەر دەسەڵات، بە شەوق و زەوق و بەرپرسیاریەتییەوە خزمەت دەکەین و لە خزمەتکردن بەردەوام دەبین. لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا کاری زۆر باشمان کرد و خزمەتی باشمان پێشکەش کرد بەڵام بەس نییە، ئێمە بۆ تورکیا، بۆ خەڵک خۆمان و مرۆڤایەتی دەمانەوێ خزمەتی زیاتر بکەین. من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی سەرۆکوەزیران، سەرکۆمار و ھەمووی ئەو ھاوڕێیانە بکەم کە لە نێو کابینەکانی ٥٨مین حکومەتی تورکیادا جێیان گرتووە و خزمەتیان کردووە.

مردنی شانۆگەر نەژات ئۆیگور

ئەردۆغان بەبۆنەی کۆچی دوایی شانۆگەری ناوداری تورکیا نەژات ئویگور پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری و ھونەرمەندانی تورکیا کرد و گوتی "نەژات ئویگور لە تەمەنی خۆیدا ھەمیشە ھەوڵی بۆ دڵخۆش کردنی خەڵک داوە بۆیە لە دەستدانی بۆ ھەموومان کۆسپێکی گەورەیە.

ئەردۆغان ھەروەھا بە ھۆی کوژارنی کوڕی سەرۆکوەزیرانی تاتارستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی تاتارستان کرد و ھیوای سەبر و سەبووری بۆ خواست.

لە دیاربەکر ساتی مێژووییمان بەسەر برد

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا باسی سەردانی شەممەی رابردووی بۆ دیاربەکر کرد و گوتی "لە دیاربەکر ساتێکی مێژوویمان بەسەر برد. سەردانی سەرۆک شارەوانی دیاربەکر و پارێزگارمان کرد، چەندین پرۆژەمان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کردەوە و بە بڕی ٧٤٠ تیریلیۆن لیرە ١٧ پرۆژەی گرنگمان لەو شارە جێبەجێ کرد. لە کاتی کردنەوەی ئەو پرۆژانەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز مەسعوود بارزانی، شڤان پەروەر کە ٣٨ ساڵە لە وڵات دوورە و ئیبراھیم تاتڵیسەیش ئامادە بوون.

دوای کردنەوەی ئەو پرۆژانە بەشداریمان لە زەماوەندی بە کۆمەڵی ٤٠٠ بووک و زاوا کرد و بووین بە شاھێدیان و لەو رێوەڕەسمەدا ھەر یەک لە شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسەس گۆرانییان گوتەوە و بەو جۆرە بوون بە شاھێدی ساتێکی مێژوویی لە دیاربەکر. دواتر مزگەوتی کۆلێژی ئیلاھیاتی زانکۆی دیجلەمان بە رەسمی کردەوە. لەگەڵ بارزانی و شاندی یاوەری کۆ بووینەوە و باسمان لە چەندین پرسی گرنگی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەر دوو لا کرد.

سیاسەتی نکۆڵیکردن

ئەردۆغان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: ئێمە وەک دەسەڵاتی ئاک پارتی تا ئێستە چیمان کردووە. لەمەودوا چی دەکەین و چۆن سەیری داھاتووی تورکیا دەکەین ھەر ھەموویان روون و ئاشکران، لە دیاربەکر پەیامی زۆر روون و ئاشکرام پێشکەش کرد و گوتم ئێمە نە لە بەر ھیچ کەس و لایەنێک بەڵام بەھۆی بەرنامە و ستراتیژیەتی خۆمان کۆتاییمان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و ئینکارکردن ھێنا، ساڵی ٢٠٠٥ ئەو قسەم لە دیاربەکر کردبوو و ئەمجارەیش دووبارەم کردەوە. رۆژی شەممەی رابردوو لە دیاربەکر رانەوەستاین، سەرەتا سەردانی ناوچەی بیسمیلمان کرد و قسەم بۆ ١٥ ھەزار کەس کرد، بە بڕی ٨٣ ملیۆن لیرەی تورکی پرۆژەی جیاجیامان کردەوە. دواتر سەردانی ناوچەی ئەرگانیمان کرد خەڵکێکی زۆر پێشوازی لێ کردین، بەپێی ئاماری ھێزە ئەمنییەکان ٢٠ ھەزار کەس لەوێ ئامادە بوون، لە ناوچەی ئەرگانیش بە بڕی ٥٧ ترلیۆن لیرە پرۆژەی جیاجیامان کردەوە، بۆیە لە دوو رۆژ لە دیاربەکر بە گشتی ٨٨٠ ترلیۆن لیرە سەرمایەگوزاریمان کرد. سەردانی چەندین شوێنی پیرۆزی ئاینیمان لە ناوچەی ئێغێل کرد و لە نزیکەوە کاری نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانەمان بەسەر کردەوە.

ئەو فرمێسکانە زۆر سوودمەندن

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیان بە پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی و نەگریانی دایکان کردووە، ماوەی یەک ساڵە کە ھیچ دایکێک لە تورکیا نەگریاوە و خەیاڵەکەی ساڵی ٢٠٠٩مان ھاتە دێ و رژاندنی خوێن و فرمێسک راگیراوە، ویستمان چی دیکە ھیچ دایک و باوکێکی تورکیا نەگرین بەڵام رۆژی شەممە لە دیاربەکر فرمێسک رژا، سوپاس بۆ خوا ئەو فرمێسکانە فرمێسکی شادی و خۆشی بوون.

تەنیا دیاربەکر لە خۆشییا نەگریا

ئەردۆغان گوتی "لە ناوچەی بیسمیل گەنجێک ھاتە لام و لەگەڵ فرمێسکەکانی بە دەنگی ناخی دڵی گوتی سەرۆکوەزیرم ئاشتیمان دەوێ نامانەوێ بمرین. کاتێک لە دیاربەکر لە ماڵ، دووکان، کۆڵان، ژن و پیاو و گەنج و منداڵ بۆ ھەمیشەیی بوونی ئاشتی فرمێسکیان دەڕژاند دایک و باوکە بە تەمەنەکانیش دەستیان بە دوعا کرد، ئەو رۆژە تەنیا دیاربەکر لە خۆشییا نەگریا بەڵکو سەرانسەری تورکیا لە خۆشی و شادیدا گریا، نەتەنیا کورد و تورک بەڵکو ھەمووی پێکھاتەکانی تورکیا ھەمووی ئەوانەی کە بە حەسرەتی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بوون گریان. چەند رۆژێک بە سەر ئەو رۆژە مێژووییەدا تێپەڕ دەبێ بەڵام لە مەھەپەوە بگرە تا ئەوانەی کە نایانەوێ ئەمن و ئارامی باڵ بەسەر تورکیادا بکێشێ، بینیمان کە چاویان بەرایی نادا کەشوھەوای برایەتی و پێکەوە ژیان و ئاشتی ببینن.

مێژووی ئێمە بەوجۆرە کە مەھەپە بیری لێدەکاتەوە لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دەستی پێ نەکردووە، مێژووی ئێمە سەد ساڵ، دوو سەد ساڵ پێش ئێستە دەستی پێکردووە، لەگەڵ حەزرەتی ئادەمدا دەستی پێکردووە، ئەو ناوانەی کە لە ساڵەکانی ١٩٦٠ تا ١٩٨٠ گۆڕاون وا نیشانیان دەدەن گوایا بە ھەزاران ساڵە گۆڕان و خاوەن مێژوویەکی ھەزار ساڵەن. سوێندی قوتابخانەکان کە تەمەنی ٨٠ ساڵە دەیانەوێ لە سەر خەڵک وەکو مێژوویەکی ھەزار ساڵە فەرزی بکەن، ئەو ستەم، نکۆڵی و ئاسمیلاسیۆنانەی کە لە سەردەمی تاکحزبیدا بەسەر خەڵکدا سەپێندراون، چارەنووسی ئەو خەڵکەیە و لە مێژوویەوە بۆ ئەو خەڵکە ماوەتەوە.

با سەیری گوتارەکانی مستەفا کەمال ئاتاتورک بکەن

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی بەرپرسانی جەھەپە و مەھەپەدا لەبارەی بەکارھێنانی وشەی "کوردستان" گوتی "با بچن سەیری گوتارەکانی مستەفا کەمال ئاتاتورک و تۆمارەکانی یەکەم پەرلەمانی تورکیا بکەن و لەوێ راستییەکان ببینن، وشەی کورد لەو تۆمار و گوتارانەدا دەبینن، گورجو، لاز، عەرەب و بۆشناکیش بەکار ھێنراون، وشەی کوردستانیش بەکار ھێنراوە. ئەوانەی کە مێژووی خۆیان نازانن و ئەوانەی کە مێژووی خۆیان ناخوێننەوە نازانن بێجگە لە نەزانی ھیچ شتێکی دیکە بڵێن. ئەگەر سەیری مێژووی عوسمانییەکانی بکەن دەبینن کە ناوی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ کوردستان بووە. رۆژھەڵاتی قەرەدەنیز لازستان بووە، ئەوە مێژوو و میراتی مێژووی ئێمەیە.

 سەرۆکوەزیران و سەرۆکی گشتی ئاکەپە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی: "موستەفا کەمال ئەتاتورک ڕۆژێک دوای کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە ٢٤ نیسانی ١٩٢٠ دانیشتنی شاراوەی لە پەرلەمان کرد، باس لە مافەکانی مرۆڤ کرا کە نابێت بخرێنە دەرەوەی سنوری وڵات، ھەروەھا باس لە یەکگرتنی جیھانی ئیسلامی و دەستکەوتەکانی کرا، ھاوئاینەکانمان لە عێراق و سوریا ھەموو کاتێک لە دڵی ئێمەدان، ئەگەر بۆ لەمەودوا ھەلومەرج گونجاو بێ، دەتوانین بەشێوەیەکی پێوانەیی سود وەربگرین".

ئەردۆغان گوتیشی: ئەو ڕۆژە باس لە ئەسەد نەکراوە، بەڵکو باس گەلی سوریا کراوە، بەڵێ ئەو کات لەسەرەتای کارەکاندا بووین، واتا پەرلەمان لە ڕۆژی دووەمی دانیشتینیدا بوو، غازی موستەفا کەمال ناڵێت  عێراق خیانەتی لێکردین، ناڵێت سوریا لەپشتەوە لێی داین، دەڵێت ئەوانەی ئەوێ برای ئێمەن، پێویستە بە تەبایی و یەکگرتوویی بژین، چەندین بیرۆکەی تریش دەخاتە باسەوە، دەمەوێت گەلەکەم بەتایبەتی ئاگاداری زانیاریەکان بێت، تابلۆی ئەم چەند ساڵە لەلایەن جەھەپە و مەھەپەوە نەخشەسازی بۆ نەکراوە، مێژووی نەخشەسازی مەھەپە و جەھەپە نەزۆکە و ناتوانێت بەرگری بکات "بەئێمە دەڵێن جیاکەر  بۆلوجولوک، لەبەرئەوەی ئەو شێوازەمان بەکارھێنا، ئایا موستەفا کەمال ئەتاتورکیش جیاکەر بوو؟ کەواتە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی ئەو کات ئەوانەی وشەی کوردستانیان بەکارھێنانەوە جیاکەرن؟ ئالپ ئەرسڵان تورکش زاوایەکی کوردی ھەبوو، کەواتە ئەویش جیاکەرەوەیە؟." سەری وشترمل دەخەنە ژێر لم، دەڵێن جیھان بچوک و تاریکە، داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام جیھانی ئێمە نە بچوکە و نە تاریکە، بەھەموو شێوەیەک ھەوڵدەدەین پەیوەندی ئاشتی و برایەتی لەگەڵ ھەموو جیھان ببەستین، ئەگەر تورکیا دەستکەوتی دەبێت و گەلەکەمان قازانجی دەبێت بەگرتنە بەرچاوی سنورەکان و خاڵە سورەکان وڵاتەکەمان ئەکتیڤ دەکەین بۆ بەرژەوەندیەکان و دەستەبەرکردنی قازانجەکان.

ناتوانرێت بەبیرکردنەوەی بچوکەوە کاری گەورە بکەین

ئەردۆغان لەدرێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناتوانرێت بەترسەوە دەوڵەتێکی گەورە دابمەزرێنرێ.

ئەردۆغان گوتی: بەبیرکردنەوەی بچوک ناتوانین کاری گەورە بکەین، دەبێت بەبیرکردنەوەی گەوەرە ھەنگاوی گەورەو کاری گەورە ئەنجام بدەین، ئەو کات دەتوانین ئامانجە گەورەکانمان بەدەست بھێنین، تورکیا وڵاتێکی بچوک و داخراو نییە، ھەرگیز وڵاتێک نییە لە دێوەزمەکان بترسێت.

ئەردۆغان گوتیشی: بەزمان و گۆرانی و تورکو ترساندیانین، کاسێت و بەرھەمەکان و فیکرەکانیان شاردەوە، لە نوسینەکان ترساندیانین، ھونەرمەندان و گۆرانیبێژەکانیان دەربەدەر کرد، بەجلوبەرگ ترساندیانین، زوڵم و ستەمیان کرد، لە ناسنامە ترسان و ھەوڵی تواندنەوەیاندا، نابێ، دەوڵەتی گەورە لەم جۆرە ترسانەی نییە، ھیچ دەوڵەتێکی گەورە و نەتەوەیەکی گەورە بەم ترسانەوە ناتوانێت ببێت بەخاوەنی ئامانجە گەورەکان، "لێرەوە پرسیار لە نەتەوە خۆشەویستەکەم دەکەم، تاوەکو ئەمرۆ کام یاسا قەدەغەکراوی تورکیا وڵاتی فراوان یان گەورە کردوە، کام یاسای قەدەغەکراو ئاشتی بەرقەرار کردووە، تا ئەمڕۆ کام یاسای نکۆڵی و  فشار و ستەم و زۆرداری سودی بۆ تورکیا ھەبووە؟ بەدڵنیاییەوە ھیچیان ." بەپێچەوانەوە سەرجەم ئەوانە تورکیایان بێھێز کردوە، بەرەو دواوەیان بردوە، بوونەتە ھۆی گەورەکردنی سەرجەم کێشەکان و تێکەڵکردنی مەسەلەکان، تورکیایان داخستووە، دوبارەی دەکەمەوە، ھەرچیەکمان کردبێت ئامانجمان ئاساییکردنەوەی تورکیایە، ھێز لە تورکەوە نادەینە کورد، لە تورکەوە بۆ گورجی نایگوازینەوە، نایدەینە ڕۆمان، ئەو شێوازە بەرھەمی بۆ ھیچ کەسێک نابێت، مافی ھیچ کەسێک سنوردار ناکەین، بەپێچەوانەوە ئەوەی پێویست بێت بۆ ئاساییکردنەوەی شەرعیەت و بەھێزکردنی برایەتی ھەنگاو دەنێین، تورکیا گەورە دەکەین، بەگوتنەوەی تورکوی کەسێک وڵات جیانابێتەوە، بەلەبەرکردنی جلوبەرگی جیاواز و فیکرەی جیاواز وڵات جیا نابێتەوە،  ئیتر با لەوە ڕزگارمان بێت،  برایەتی و یەکڕیزی ئەم وڵاتە بەپەتی لۆکەوە نەبەستراوەتەوە، بانگەواز بۆ تەواوی وڵاتە ٧٦ ملیۆنیەکەم دەکەم، بەر لەھەزاران ساڵ یەکترمان ناسیوە لەیەک تێگەشتوین، بەیەکەوە بەخۆشی و ناخۆشیەکان ژیانمان بەسەر بردوە، بۆیە دەڵێم ھەستی خۆتان بۆ باکور و باشور و رۆژھەڵات و رۆژئاوا رابگرن، ھەموو لایەک ھەستی خۆی بۆ ئەو کەسانە ڕابگرێت کە لەژێر پردەکانەوە گوللەیان لێدەدرێت،  با ھەست بە یاسا قەدەغەکراوەکان بکەن و بزانن مانای قەدەغەکردن چیە، ھەست بکەن کە باشور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای خاکی ئەم وڵاتەیە و ئاڵا و یەکێتی و یەکگرتنی گەلە، با گوێ بۆ ھەستی شەھادەت بدەین، لە دیاربەکر گوتمان یەک نەتەوە یەک ئاڵا یەک گەل، سەرجەم گەلی ئەوێ لەگەڵ ئێمە دوبارەی کردەوە و خۆشی دەربڕی، با ناخۆشیەکان نەوروژێنینەوە و گفتوگۆ لەبارەی ناخۆشیەکان نەکەین، چەندین گرنگیمان ھەیە کە تەواوکەری ئێمەن و پێناسە بۆ ناساندنی ئێمە دەکات ، پێویستە تەماشای ئەوە بکەین، بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن ھەڵدەستێت و ناڵێت یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک وڵات، ھەروەھا بە ئاڵای تورکی گۆڕەپانەکان پرناکەنەوە، کاتێک دێنە سەر قسە دەڵێن "نەتەوەپەروەر" ، کوێی ئێوە نەتەوەپەرییە؟، تەنھا بە قسە نەتەوەپەرستی ناکرێت، دەبێت کار و بەڵگە بخەیتە گۆڕەپانەکەوە، ھەموو کاتێک وتومە "کەر دەمرێت کورتانی دەمێنیتەوە، مرۆڤ دەمرێت شوێنەواری دەمێنێتەوە، بە شوێنەوارەکانمانەوە سەربەرزین".

پێویستە لەیەکتر تێبگەین

ئەردۆغان باسی لەدیداری لەگەڵ شڤان پەروەر کرد کە لە ھۆڵی پێشوازیی پارێزگا یەکتریان بینی.

ئەردۆغان گوتی: کاتێک ھاتە ژورەوە وەک شڤان نا وەک کورد نا وەک مرۆڤیک وەک ھونەرمەندێکی ٣٨ ساڵ لەدورە وڵات بینیم، ئەو ڕۆژە ھاتەوە وڵاتەکەی، وەک میوانێک تەماشی ئێمەی دەکرد، چۆن دەبێت وەک میوان لە وڵاتەکەی خۆی بێت؟ ئایا کێ وای لێکردوە؟ وابزانم کەسانێک دەبێت بەدەلی ئەوە بدەن، ھەمان شتیان بەسەر ئەحمەد کایا ھێنا، لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنی وەک دەزانن ھێرشیان کردەسەر کایا، کێ ھێرشی کردەسەر؟ ئەھا ئەوانەی کە لە پارکی گەزی ھێرشیان کردە سەر ئێمە، ھەر ئەوانە بوون ھێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا، ھەمان ئەو کەسانەن، ھەندێ لەوانە دەڵێن ئێمە لە توالێت بوین یاخود لە دەرەوە بوین لەکاتی ھێرشەکە بۆ سەر کایا "ئێوە ھەمووتان لەوێ بوون، وێنەی گرتە ڤیدیۆیەکانتان ناسرێتەوە و سەرجەمتان لەوێ بوون ھەموومان سەیر کردووە،  نەتەوەکەشمان ئەوانەی بینیوە، راست بن درۆ مەکەن، چونکە مۆمی درۆ تاوەکو کۆتایی دەکوژێتەوە، مۆمی ئێوەش کوژایەوە، درۆی ھەمووتان دەرکەوت، بەڵام ناتوانن گەلەکەمان بخڵەفێنن، پێویستە بواری تێگەشتن و پەیوەندی نزیکبوونەوە ببەستین، دەبێت لەدایکانی شەھید و ئەو دایکانەش تێبگەین کە ڕۆڵەکانیان بەبکەر نادیارەوە شەھید بوون، بۆیە دیاربەکر گرنگە، گرنگە کە ٧٦ ملیۆن بەبێ ئەوەی لەیەک توڕە بن باوەش بەیەکدا بکەن،  ئەگەر ئەو ڕۆژە ٦٠ ھەزار مرۆڤ ھاتووە، تەنھا بۆ یەکێتی و ئاشتی لەوێ ئامادە بووە، بەیەکەوە ناخۆشی و خۆشیەکانیان بەسەر بردوە، دیاربەکر یار-ی برایەتییە، گرنگیەکە لەوێدایە بەخۆشیەکان و فرمێسکەکانەوە باوەش بەیەکدا دەکەن، باوەڕم وایە ئیتر بەفرمێسکەکانەوە نا بەخۆشیەکانەوە باوەش بەیەکتردا دەکەن، خوای گەورە ئەم یەکێتییە ببپارێزێت و بوار نەدات فرمێسک بەچاوی دایکان و ناخۆشی بۆ باوکان بھێنێت، بواری خۆشی و فرمێسکی خۆشی بۆ ئێمە بڕژێنێت، ھیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەوە لە ئێمە نەکات برینی ڕۆحی شەھیدەکانمان بکولێنینەوە،  ئێمە رۆحی شەھیدەکانمان ئازار نادەین، چاو نابڕینە ناسنامە و غروری ھیچ کەسێک، ٧٦ ملیۆن لە چواردەوری ھەمان سفرەی خواردنین، ھەموو پێکەوە نان و خێری ئەم سفرەیە فراوان دەکەین، ھەموو پێکەوە وەک برا لە سفرەکەدا ھاوبەش دەبین.

ئەوان لە گوتەکانی مندا نابن

ئەردۆغان وەک ئاماژەدان بۆ قسەکانی ھەندێ لە پەرلەمانتارانی جەھەپە و مەھەپە و بەدەپە گوتی: داوای لێبوردن دەکەم وەک پێشتر گوتومە نامەوێت ناوی ھەندێ لە ئەندامانی ئەوان بھێنم چونکە زمانی قسەکردنیان ھەڕەشەیە، وەڵامی ئەوان نادەمەوە، دوای ڕۆژە مێژووییەکەی دیاربەکر بەبێ ھەستەوە دژایەتی ئەو ڕۆژە کرا، دەڕۆینە ھەموو شوێنەکانی وڵات، ھیچ شوێن نەماوە نەڕۆین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın