ھەولێر
ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی فەرھاد مەلا ساڵح بۆ ئانادۆڵو گوتی "سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی سبەی چوار شەممە شاندی پارتی دیوکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەن، لەگەڵ ئەمیندار و بەرپرسانی یەکگرتوو لەبارەی پێکھێنانی کابینەی حکومەت گفتوگۆ دەکەن".
ھەروەھا تۆفیق کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بۆ ئانادۆڵو گوتی "پێش نیوەڕۆی سبەی چوار شەممە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ دەبێتەوە".
لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەشەوە تۆفیق کەریم گوتی "کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆلی و سەرەتاییە، وای دەبینم سەرۆکی راسپێراو بۆ حکومەت پێشنیازی خۆی دەخاتەڕوو، ئێمەش پێشنیازی خۆمان".
رۆژی دووشەمە نێچیرڤان بارزانی کاندیدی راسپێراوی پ،د،ک بۆ سەرۆکی کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی ئەو حزبە لەشاری سلێمانی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.
نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پاش گفتوگۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "ھیچ خاڵێکی ناکۆک لە نێوانماندا نەبووە و زۆرترین ئەو شتانەش باس کراون خاڵی ھاوبەش بوون".
لەبارەی نزیکبوونەوەی بۆچوونی شاندی پارتی و گۆڕان ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ گوتی "ئەوە پەیوەندی بەئێمەوە نییە، ھەر لایەنێ سەربەخۆیانە مامەڵە دەکات و بڕیاریش لای خۆیەتی".