ئەنقەرە
سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "لە ١٦ تشرینی دووەم تورکیا زۆر بچووککرایەوە کە لەمەوپێش شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. بە چاوی خۆمان بینیمان خیانەت کەوتە ناو گیانی میللەتی تورک، وێنەی سەرۆک وەزیر و پیاوکوژ لە پۆستەرێکدا ھەڵواسران."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی دەڵێت: "رووداوەکانی ئەم دوایەی دیاربەکر، ھیچ دەرفتێکی بۆ نەھێشتینەوە تەنیا ئەوە نەبێ ھەڵسەنگاندنێکی دیکەی بۆ بکەین. سەرۆک وەزیر و بارزانی دۆست و برای، لەژێر گوایە ئەوەی پێی دەڵین (کوردستان) لە دیاربەکر گەیشتنە یەکتر و یەکتریان لە باوەش گرت."
باخچەلی، پێیوایە سەرۆکی شارەوانی گەورەی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر بوێری لە سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وەرگرتووەوە و لە کاتی پێشوازیکردنی بارزانی دەڵێ بەخێر ھاتی بۆ باکووری کوردستان و شارەکەمان و لەمبارەیەشەوە گوتی: "تۆ قسەکانی ئەو سەرۆک شارەوانیەت پێ راستە کە دەستت گووشی؟ پشتگیری لە قسەکانی دەکەی؟ ئەگەر تورکیا وڵاتی یاسایە، ئەی دادگا و دادوەرەکان لەکوێن؟ بە گوێرەی یاسا ئەمە گەورەترین تاوانە، ئەو یاساییانەی وڵاتەکەیان خۆشدەوێ خۆیان لەکوێ شاردۆتەوە؟ تێدەگەین بۆ ئەوەی لە کەرکووک بۆڕیەکی نوێی غازی سروشتی و نەوت دروست بکرێت و بە ئەوروپا ببەسترێتەوە، سەرۆک وەزیر و بارزانی راسپێردوران. حساب لەسەر پارە، سامان و کورسیە. ئامانج لەمەش دامەزراندنی کوردستانە. بۆ پارچەکردنی تورکیا یەکەمجار ئۆتۆنۆمی، دواتر فیدڕالی و کۆنفیدڕالی جێبەجێ دەکرێ. بەڕێوەبەرایەتی ئۆتۆنۆمی کە لە باکووری سوریا لەلایەن پەکەکەوە دامەزراوە، ئەڵقەی دووەمی کوردستانە."