رۆما
وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەمما بینینۆ کۆبوەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش بۆ ھەردوو وەزیر رێکخرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بینینۆ سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانیانی تەقینەوەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان راگەیاند.
ھەروەھا رایگەیاند: ئیتاڵیا زۆر بە وردی چاودێری ئەو ئاماژانە دەکا کە لە ئێرانەوە دێن و گوتی: "ئیتاڵیا خۆشحاڵە بە رێککەوتنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ١١ تشرینی دووەم."
بینینۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باسی گفتوگۆی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کراوە، بە چاوێکی پڕ لە ھیواش سەیری گفتوگۆکانی ئەمڕۆ دەکەن و بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانن.
دەربارەی پرسیاری رۆڵی تاران لە قەیرانی سوریا، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی: "پێموایە دەبێ ئێران لایەنگری چارەسەر بێ، رەوشی ناوچەکە ئاڵۆزە، ئەگەر بەراستی داوای ئاشتی دەکرێ، ھەموو ئەو لایەنانە بەرپرسیار دەبن کە داوای ئاشتی دەکەن."
بۆنینۆ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە رۆما بالیۆزی ئیسڕائیل لەبارەی سەردانی زەریف دەستەواژەی پێشوەختەی بەکارھێناوە، گوتی: "من و حکومەتەکەشم ھەموو کاتێک دۆستی ئیسڕائیلین. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران ئاستەنگ بۆ دۆستایەتیمان لەگەڵ ئیسڕائیل دروست ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زوریف ئاشکرایکرد ئەو کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووی لەگەڵ ھاوتا ئیتاڵیەکەی ئەنجامداوە. ھەروەھا بۆ ئەو کەسانەی لە سارادۆنیا بەھۆی خراپی کەش و ھەوا گیانیان لەدەستدا، سەرەخۆشی لە ئیتاڵییەکان کرد.
دەربارەی گفتوگۆی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران کە سبەی جارێکی دیکە لە جنێڤ دەستپێدەکاتەوە، زەریف گوتی: "ئەگەر نیاز پاکی و ئیرادەی چارەسەری کێشەکان ھەبێ، زەمینەی ئاشتی ئامادەیە. من بۆ چارەسەری کێشەکان دەچمە جنێڤ. ئەو مەسەلەیە بە دوو یان سێ دانیشتن چارەسەر نابێ و ماوەیەکی پێویستە، بەڵام ھیوای پێشوەچون لە گفتوگۆکان بەھێزە."
زەریف پێیوایە لەبەر ئەوەی ئیسڕائیل ناخوازێ دۆسییەی ئەتۆمی وڵاتەکەی چارەسەر بکرێ، بۆیە ھەوڵ دەدات کێشە و ململانێکان قوڵتر بکاتەوە و گوتی: "بۆچی ئیسڕائیل ناخوازێ ئەو کێشەیە چارەسەر ببێ و ناکۆکی و ململانێکان قوڵتر دەکاتەوە, ئیسرائیل بەم کارەی چی دەستدەکەوێ؟"
جەواد زەریف بەر لە دانیشتنی ھەردوو وەزیر لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی ٢٤ سەر بە ئاژانسی ھەواڵی RAI گوتبووی: "لەبارەی چاودێری ئاژانسی وزەی ناوەکی نێودەوڵەتی لەسەر وێستگە ئەتۆمیەکان شتێک نەماوە کە ئێران بیشارێتەوە."
زەریف باسی مەسەلەی سوریای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیری لە چارەسەری سیاسی لە سوریا دەکات. لە بارەی سوریا زەریف ھەڵوێستی ئیتاڵیای بەرز نرخاند و گوتی: "خۆشحاڵین بە ھەڵوێستی ئیتاڵیا لەبەرامبەر بەکارھێنانی ھێز لە سوریا. بەو ھەڵوێستەی رۆڵێکی ئەرێنی لە ئەستۆ گرتووە."