Rewa Mahmut Hasan
21 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2016
لەسەر دەنگۆی تەقە کردن بەسەر پەرلەمانتارێکی هەدەپە لە شارۆچکەی جزیرە، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی هەدەپە و جەهەپە بانگهێشتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی تورکیا دەکەن بۆ پەرلەمان تاکو زانیاری لەسەر رووداوەکە بدەنە پەرلەمان.
دوای ئەوەی کە پەرلەمانی تورکیا لەسەر پرسە هەنووکەییەکانی ناو تورکیا دانیشتنێکی ئەنجام دا و لەسەر چەندین پرسی جیاجیا گفتوگۆ کرا، دواتر بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە ئەنگین ئاڵتای گوتەیەکی پێشکەش کرد و لەسەر دەنگۆی تەقە کردن بەسەر پەرلەمانتاری هەدەپە فەیسەڵ سارییڵدز لە شآرۆچکەی جزیرە ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ئەو لەبری حکوومەت بوایە، بەبێ زانیاری دان بە رووداوەکانی جزیرە، کاری پەرلەمانم دەوەستاند. چونکە باس لە تەقە کردن لەپەرلەمانتارێک دەکرێت. ئەوەشی بە هەڵوێستێکی دوور لە دیموکراسی زانی.
دواتر بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی بولەنت توران وەڵامی گوتەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپەی دایەوە و رایگەیاند کە یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا زانیاری تەواوی داوەپێی لەسەر رووداوەکەو ئاشکرای کرد کە رووداوەکە تەواو جیاوازە لەوەی باس دەکرێت و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵ دەدرێت رووداوەکە بەلایەکی تردا ببرێت.هەروەک رەخنەشی لە هەڵوێستی ناوبراو گرت کە خوازیارە کاری پەرلەمانی پەک بخات.
لەدوای گوتەی ناوبراوان، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە چاغلار دەمیرەل ئاماژەی بەوەدا رووداوەکەی سارییڵدز و ئەوانەی تر زۆر مەترسیدارن و گوتی: "دەوڵەت ئێستا لە جزیرە تاوان ئەنجام دەدات".هاوکات داوای لە وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەفکان ئاڵا کرد کە بچێتە پەرلەمان و زانیاری بداتە پەرلەمانتاران لەسەر رووداوەکان.
لەم نێوەندەدا هەندێک مشتومڕی توند و پاڵنان لەنێوان پەرلەمانتاری هەدەپە ئەحمەد یڵدرم و پەرلەمانتاری ئاکپارتی عەدنان بۆیۆنکارا روویدا.