Hemın Othman Mohammed
21 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند "توركیا، هەموو جۆرە هەنگاوێك دەنێت بۆ لەناوبردنی مەترسیەكانی داعش و لەگەڵ هاوپەیمانانیدا بەردەوام دەبێت لەسەر جەنگ لە دژیان".
لە نووسینێكیدا لەژێر ناوی "توركیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ناهەژێت، وڵاتەكەم پیشڕەوی بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تۆمار كردووە" كە لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنال "The Wall Street Journal" بڵاوكراوەتەوە، داودئۆغڵو بۆچوونی خۆی لەبارەی گەشەسەندنی ئابووریی توركیا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خستۆتەڕوو.
داودئۆغڵو، باسی لەوە كردووە كە لە ساڵی 2002ەوە، لەوەتەی كە ئاك پارتی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ئابووریی توركیا سەركەوتوو و سەقامگیرە.
هاوكات داودئۆغڵو باس لە پەلامارە تیرۆریستیەكەی گۆڕەپانی سوڵتان ئەحمەد دەكات و دەڵێت "پەلامارە تیرۆریستیەكەی ئەم دواییە، دەریخست كەوا پێویستە كاردانەوەی رێكخراوەیی نێودەوڵەتی هەبێت بەرامبەر قەیرانی سووریا و زیادبوونی تیرۆری جیهانی".
گوتیشی: "ئەنجامدانی هێرش هێندە لە نزیك لە پەرستگایەكی مێژوویی، دەریخست كەوا داعش یان بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی هیچ پەیوەندیەكی بە ئایینەوە نییە. ئەوانە كەسانێكی تێكدەرن كە مەرگ پەرستن و ژیان رەتدەكەنەوە. لە كاتێكدا پرسە بۆ قوربانیانی پەلامارە بەربەریەكەی هەفتەی رابردوو دەگێڕین، پێداگریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی بەهێز دەكەین. هەموو جۆرە هەنگاوێك دەنێت بۆ لەناوبردنی مەترسیەكانی داعش لەودیوی سنوور و لەگەڵ هاوپەیمانانیدا بەردەوام دەبێت لەسەر جەنگ لە دژیان".