Mazın Asad
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، مستەفا ئەلیتاش رایگەیاند: "ئەگەر لێرەوە ھەستن بڵێن 'کوردستان' و ھەوڵی دابەشکردن بدەن و لەوێدا لەسەر نەخشە ئاماژە بە ناوچەیەک بکەن، ئەو نەخشەیە بە واتای دابەشکردنی خاکی تورکیا دێت. کەس رێگە بەمە نادات".
پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر بودجەی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی کار و ئاسایش کۆمەڵایەتی و وەزارەتی کلتوور و گەشتوگوزاری بۆ ساڵی ٢٠١٨ گوتەیان پێشکەش کرد.
پەرلەمانتاری دێرسیم لە لیستی ھەدەپە، عەلیجان ئۆنلو رایگەیاند: "سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەرژوەندی خۆی دەستەواژەکانی وەک 'کوردستان' و 'دێرسیم' و 'کۆکوژی دێرسیم'ی بەکارھێنا، بەڵام خۆمان ئەگەر بەکاری بھێنن فشارمان لەسەر دروست دەکرێت".
لەسەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، عایشە نور باخچەکاپڵی گوتی: "سەرۆکی گشتی و سەرکۆمارمان کاتێک باسی دەستووری ١٩٢١ی دەکرد وشەی کوردستانی بەکارھێنا. تکایە مەیشێوێنن".
دواتر پەرلەمانتاری ئەنقەرە لە لیستی ھەدەپە، سڕڕی سوڕەیا ئۆندەر لە گوتەیەکیدا رایگەیاند: "رەنگە ئێوە کوردستان وەک دەستەواژەیەکی جوگرافی، پێناسە یاخود وەک دەستەواژەیەک حەزی لێ نەکەن، بەڵام لێرەدا ھەستی 'ناتوانرێت ناوی نیشتمان و گەلم بگوترێت' بە لاوێک بدەن و گشت تانک و تۆپی بودجەکانی باری نائاسایی پێکەوە کۆبکەنەوە، ناتوانرێت رێگری لەو لاوە بکەن".
لەسەر ئەم گوتانە، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی، مستەفا ئەلیتاش رایگەیاند لەم وڵاتەدا کورد و تورک پێکەوە ھەیە و گوتیشی: "کوردم من، تورک من، من مرۆڤێکم لەم وڵاتە دەژیم، من تورکیام".
ئەلیتاش راشیگەیاند لە گوتەکاندا ھیچ کەسێک سەرقاڵی ناسنامەی نەژادی کەس نییە.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی گوتیشی: "ئەگەر لێرەوە ھەستن بڵێن 'کوردستان و ھەوڵی دابەشکردن بدەن و لەوێدا لەسەر نەخشە ئاماژە بە ناوچەیەک بکەن، ئەو نەخشەیە بە واتای دابەشکردنی خاکی تورکیا دێت. کەس رێگە بەمە نادات. ناڵێم سەدا ٩٩ی برا کوردەکانم لە تورکیا، بەڵکو سەدا ٩٩.٩ی بۆ ئەم خاکە گیانیان دەبەخشن و شەھید دەبن".
مستەفا ئەلیتاش ئاماژەی بەوەش دا کە گرفتیان لەگەڵ ھیچ پێکھاتەیەکی ئەتنیکی نییە و گوتیشی: "ھەر کێ بیەوێت ئەم وڵاتە دابەش بکات و ھەر کێ بیەوێت لێرەدا بەرگری لەم تیرۆریستە ناپاکانە بکات، رێگەی پێ نادەین".