Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2017
دوای گەیشتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری و شاندی یاوەری بە فڕۆكەخانەی سلێمانی، لە لایەن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام محەمەد و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێشوازی كران.
دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری سەردانی گردی زەرگەتە و پرسەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفایان كرد.
سەلیم جبوری دوای بەشداریكردن لە پرسەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "نەوشیروان مستەفا كەسایەتییەكی نیشتمانی بوو، گیان لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنەكان دەكەین، هیوادارین بەرەو یەكخستنی هەڵوێستەكان بڕۆین و قسەمان یەكخەین و هەموو ئەو هەڵانەی هەیە تێیان پەڕێنین و عێراقێكی ئارام و سەقامگیر بنیات بنێینەوە دوور لە تیرۆر و تائیفی لە هەمان كاتدا ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی عێراق سەقامگیر ببێت".
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ٢٠١٧/٥/١٩ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی، كۆچی دوایی كرد.
دوێنێش لە رێوڕەسمێكی جەماوەریدا تەرمەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.