Büşra Selvi Öğütcen,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2017
ریاز- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە رژێمی تاران رابەرایەتی تیرۆری نێودەوڵەتی دەکات، رایگەیاند ''ئێران لە ناوچەکەدا وێرانکاریی و پشێوی بڵاودەکاتەوە''.
دۆناڵد ترەمپ گوتارێکی لە میانی ''لووتکەی ئەمریکا-وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی''دا کە لە ناوەندی نێودەوڵەتی شا عەبدولعەزیز بۆ کۆنگرەکان لە ریازی پایتەختی سعوودیە سازکرابوو، بە ئامادەبوونی سەرکردە و سەرۆکی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیی پێشکەش کرد.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد رووبەڕووبوونەوەی ''قەیرانی توندئاژۆیی ئیسلامیی'' و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە ناوچەکەوە سەرچاوەی گرتووە، پێکدادانێک نییە لە نێوان ئیسلام و خۆرئاوادا، بەڵکو جەنگێکە لە نێوان چاکە و خراپەدا و گوتی: ''ئێمە نەهاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی وانە بە خەڵک بڵێینەوە. یان بۆ ئەوەی پێیان بڵیین بە چ شێوەیەک بژین، چی بکەن، کێ بن و بە چ جۆرێک پەرستش ئەنجام بدەن. لە جیاتی ئەوە، لێرەین لە پێناو دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر بۆ هەمووان، لێرەین بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوبەشیی بۆ پەیوەست بوون بە بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەکانەوە''.
داواشی کرد پێش بە ''توندئاژۆیی'' بگیرێت و رایگەیاند ''ئەوان لە پەرستگەکانتان بکەنە دەرەوە، ئەوان لە کۆمەڵگەکانتان بکەنە دەرەوە''.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەوەی بە مەبەستی لەناوبردنی ''توندئاژۆیی'' لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا داوای پێکهێنانی ''هاوپەیمانیی وڵاتان''ی کردووە و بەڵێنی ئەوەشیدا کە لە پێناو بەهێزکردنی دۆستایەتییە دێرینەکان و بەردەەوامیدان بە ئاشتی، ئەمریکا بە دوای هاوبەشی نوێدا دەگەڕێت.
گوتیشی: ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جەنگی نێوان بیروباوەڕە جیاوازەکان نییە بەڵکو رووبەڕووبوونەوەی چاکە و خراپەیە'' و جەختی لەوەکردەوە ''ئەرکی تەواوەتی'' هەر وڵاتێکە کە تیرۆر لە خاکەکەی بکاتە دەرەوە.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەکرد کە کارەساتە مرۆیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و ئازاری ئەو کارەساتانەش بە شێوەیەکە کە پێناسە ناکرێت، گوتیشی: ''پێویستە هەریەک لە داعش، ئەلقاعیدە، حزبوڵڵا، حەماس و ئەوانی دیکە، پێویستە تەنها بەرامبەر بە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەرپرسیار نەبن، بەڵکو پێویستە لەناوبردنی ژمارەی ئەو خەونانەش کە بە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەوە، درووست بوون، بخرێتە ئەستۆیان''.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەوەش کە ماوەی سەدان ساڵە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەسیحی، موسوڵمان و جوولەکەکان پێکەوە دەژین و گوتی: ''پێویستە هەموو ناوچەکە لە رێگەی دووبارە بنیاتنانەوەی لێبوردەیی و رێزگرتن لەبەرامبەر، بکرێتە شوێنێک کە هەر ژن و پیاوێک جا بیروباوەڕیان یان نەژادیان هەرچی بێت لە ژیانێکی شەرافەتمەندانە و پڕ هیوادا، بژین''.
داوای لە ولاتانی جیهانیش کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە سووریا، دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکە و لەناوبردنی داعش، کاری هاوبەش ئەنجامبدەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد ئەو گەلەی کە دوور و درێژرترین ماوەیە بووەتە قوربانی بە هۆی شەڕانگێزیی حکوومەتەکەیەوە، گەلی ئێرانە و بە هۆی دڵڕەقی سەرکردەکانیانەوە و لەبەر ئەوەی بەدوای شەڕو کوشتارەوەن، ئەو گەلە بێ هیوا بووە سەرەڕای ئەوەی بە هەموو دەردیسەرییەکان قایل بووە.
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەکردەوە کە بەشار ئەسەد لە سووریا بە پشتیوانیی ئێران ''تاوانگەلێکی ئەنجامداوە کە پێناسە ناکرێن'' و گوتی: ''ئێران رابەرایەتی تیرۆری نێودەوڵەتی دەکات و لە ناوچەکەدا وێرانکاریی و پشێوی بڵاودەکاتەوە''.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئێران لە لوبنان، عێراق و یەمەن تیرۆر بڵاودەکاتەوە و مەشق بە میلیشیا و گرووپە چەکداریە توندڕەوەکان دەکات و سەرچاوەی دارایشیان بۆ دابین دەکات، ساڵانێکی زۆرە پێکدادانی مەزهەبی لە ناوچەکە زیادیکردووە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: "تا رژێمی ئێران دەبێتە هاوبەشی دڵخوازانەی ئاشتی، دەبێت هەموو وڵاتێکی خاوەن ویژدان ئێران دابڕێنێت، پێکەوە هەوڵبدرێت بۆ رەتدانەوەی دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆریزم. خەڵکی ئێران نزا بکەن تاکو دەبنە خاوەنی ئیدارەیەکی دادپەروەرو راست، ئەگەر لەگەڵ ئەم تیرۆرەدا بەرەنگار نەبینەوە، دەزانین کە لە داهاتوودا چی زیانێکمان پێ دەگەیەنێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە بەرەنگاری تیرۆری ناوچەکە ببنەوە و دەڵێت، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت ناوچەیەک بێت خەڵک لێی هەڵبێت، بە پێچەوانەوە دەبێت خەڵك رووی تێبکات. تیرۆریستان عیبادەت ناکەن، ئەوان مردن دەپەرستن. ئەگەر تیرۆر هەڵبژێرن، ژیانێکی زۆر کورتت دەبێت و روحتان بە تەواوی مەحکوم دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە قوربانیانی دەستی تیرۆر لەسەدا ٩٥یان موسوڵمانن و باسی لەوەشکرد کە دەبێت ئەو سەرچاوە داراییانەی داعش لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت ببڕدرێت.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ رۆڵی لوبنان و تورکیا و ئوردنی بەرز نرخاند لە مامەڵەیان لەگەڵ پەنابەران.