ریاز
ماوەی سەد رۆژی حكومڕانی سەلمان بن عەبدلعەزیز شای سعوودیە شاهیدی دوو رووداوی زۆر گەورە بوو. یەكەم شەڕی دژی چەكدارانی حوسی لە یەمەن و دووەم ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە نێو دەسەڵاتی بنەماڵەی ئال سعوود.
پاشای نوێی سعوودیە شا سەلمان كە رۆژی 23ی كانوونی دووەمی رابردوو لەسەر تەخت دانیشت چەند پرسێكی گرنگ چاوەڕوانی شا سەلمانیان دەكرد بەشێك لەو پرسانە تایبەت بە سیاسەتی نێوخۆیی بوون و بەشێكی دیكەیشیان تایبەت بە سیاسەتی دەرەكی بوون و دەكرێت ئەو پرسانە لە چەند خاڵێكی گرنگ كۆبكەینەوە.
یەك لەوپرسانەی كە لە بواری سیاسەتی دەرەكیدا رووبەڕووی سعوودیە ببوویەوە كودەتای حوسییەكان لە یەمەنی دەراوسێی سعوودیە بوو و هەروەها رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و پشتگیریكردنی ئێران لە سووریا و چەكدارە حوسییەكان.
شا سەلمانیش بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی كاریگەری ئێران لە ناوچەكە و هەروەها ستراتیجیەتی گۆڕانی هاوسەنگییەكانی ناوچەكە لە لایەن ئێرانەوە، دەستی بە هەڵمەتێكی ستراتیجی كرد بۆیە لە یەمەن لە دژی حوسییەكان دەستی بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی كرد و ئەم هەڵمەتەی سعوودیەیش بوو بە بابەتی گەرمی سیاسەتی ناوچەكە. لە لایەكی دیكەوە بزووتنەكانی تیرۆریستی كە بەردەوامی داعشن كە لە سووریا و عێراق خۆی بەهێز كردووە، لە باشوور و رۆژهەڵاتی سعوودیە كە زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە شیعەن و دەسەڵاتی سعوودیە بە پەراوێزخستنی خۆیان تۆمەتبار دەكەن پرسێكی دیكەی نێوخۆیی بوو كە شا سەلمانی تەمەن 79 ساڵ رووبەڕووی ببوویەوە.
شا سەلمان كە دوێنێ 100 رۆژی سەر تەختی تێپەڕاند بە گشتی 65 بڕیاری دەركردووە ودوای چەند سەعات لە بوونی بە شا بە دەركردنی شەش بڕیار محەمەد بن نایفی 56 ساڵ ( كە نەوەی شا عەبدلعەزیزئال سعوودە) كرد بە جێنیشی دووەم و و كۆڕی خۆی محەمەد بن سەلمانی كردە وەزیری نێوخۆ و بەو جۆرە جاری یەكەم سێ نەوەی خانەوادەی شای سعوودیە بوون بە خاوەن بڕیار.
شا سەلمان سەرەتا لە 29ی كانوونی دووەمی رابردوو و دواتریش لە 29ی نیسان بە دەركردنی بڕیاری گۆڕانكاریی لە كابینەكە بە رەشەبای شەفەق ناسراوە و لەو چوارچێوەدا محەمەد بن نایفی كردە جێنیش و لە شوێنی نایفیش كۆڕی خۆی دانا و ئەو هەنگاوانە یەك لەو هەنگاوە گرنگانەیە كە خەڵكی سعوودیە سەیری دەكەن.
سەرەڕای هەر شتێك هەندێ لە شرۆڤەكاری سیاسی بە جیا باس لەو گۆڕانكارییانە دەكەن و جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەمە یەكەم جارە منداڵ و نەوەكانی هاوسەری شا عەبدلعەزیز حسە بنت ئەحمەد ئەسدێری لە نێو دەسەڵاتی سعوودیەدا دەبنە خاوەن پێگە و بڕیار و ئەمەیش نیشانەی لایەنگریكردنی شا سەلمانە و دەبێتە هۆی دەركەوتنی ناكۆكی لەسەر دەسەڵات لە نێو خانەوادەی ئال سعوود دا.