Muhammet Ali Kemal
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2016
ریاز- AA
باڵیۆزی تورکیا لە ریاز، یونس دەمیرەر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە سەردانە فەرمییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا و زیادبوونی هەلی وەبەرهێنان باسی لەسەردانەکەی شازادە محەمەد بن نایف بن عەبدلعەزیز ئالسعوود جێنیشی شای سعوودیە و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، بۆ تورکیا کرد.
یونس دەمیرەر ئاماژەی بەوەکرد سەردانەکەی شازادە محەمەد بن نایف بۆ تورکیا کە ''کەسی دووەم''ە لەسعوودیە دوای شا سەلمان، ئێجگار گرنگە و جەختی لەوەکردەوە کە سەردانەکە رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لەبەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لەهەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە.
دەمیرەر ئاماژەی بەوەکرد چاوەڕوان دەکرێت لەو سەردانە فەرمییەدا دوایین پێشهاتەکانی سووریا، بابەتە ناوچەییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ببنە تەوەری گفتوگۆکان. باسی لەوەشکرد کە محەمەد بن نایف لەلایەن سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێدەکرێت و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم و وەزیرە پەیوەندیدارەکاندا کۆدەبێتەوە.
باڵیۆزی تورکیا رایگەیاند: ''بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و لە رووی بە بابەتە ناوچەییەکانەوە، راوێژی نێوان وڵاتەکەی و سعوودیە ئێجگار گرنگە. چونکە لەناوچەکەدا کێشەی گەورە بوونی هەیە، وەک پێشهاتەکانی سووریا، عێراق و یەمەن، جگە لەمانە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوونی هەیە. لەو روانگەوە شازادە محەمەد بن نایف یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکان. پێموایە بابەتە ناوچەییەکان، بەتایبەت بابەتی سووریا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە و تێروتەسەل تاوتوێ دەکرێت. دایەلۆگی بەردەوامی نێوان سعوودیە و تورکیا لەوبارەیەوە گرنگییەکی ئێجگار زۆری بۆ سەقامگیریی، ئاسایش و داهاتووی ناوچەکە هەیە''.