Zana Natık Kerem
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2017
ریاز ــ AA
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ و شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز دوایین پێشهاتەكانی رەوشی ناوچەكە و گرنگ و بایەخدان بۆ پتەوكردنی هاوكاری ئابووری و ئەمنی و سەربازی دووقۆڵیان تاوتوێ كرد.
ئاژانسی هەواڵیی سعوودی بڵاوی كردەوە كە دوێنێ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ پێگەیشت كە لە میانیدا پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها پێشهاتەكانی رەوشی ناوچەكە و جیهانیان تاوتوێ كرد.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا، هەردوولا گفتوگۆیان كردووە لەسەر شەراكەتی ستراتیجی و هەروەها گرنگی و بایەخدان بەپتەوكردنی هاوكاری ئابووری و ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئاژانسی ناوبراو روونیشیكردەوە كە لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا شای سعوودیە و سەرۆكی ئەمریكا جەختیان كردووەتەوە لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ستراتیجی نێوان وڵاتەكانیان.
ئاژانسەکە بڵاویشی کردووەتەوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و دۆناڵد ترەمپ لەسەر شەڕی تیرۆر و توندڕەوی و پارەداركردنی تیرۆر و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ رووبەڕوونەوەی ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و دەست لە كاروباری وڵاتانی دیكە وەردەدەن، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كردووە.
هەروەها شای سعوودیە و سەرۆكی ئەمریكا داواتنامەیان ئاراستەی یەكتر كرد کە سەردانی وڵاتی یەكتر بكەن.
لە كۆتایی قسەكانییاندا سەرکردەی هەردوو وڵات لەسەر ئەوە رێككەوتن كە لەماوەكانی داهاتوودا سەردانی وڵاتی یەكتر بكەن ئەوەش بەئامانجی پتەوكردنی هاوكاری و كاری هاوبەش بۆ كاراكردنی زیاتری شەراكەتی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاندبوو كە بەداهاتووی پەیوەندییەكانی سعوودیە لەگەڵ ئەمریكا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، گەشبینە.
عادل جوبەیر ئاماژەی بەوەشدابوو كە وڵاتەكەیان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كار دەكات بۆ رووبەڕبوونەوەی بەرەنگارییەكان لە ناوچەكە و جیهان بەتایبەتیش بۆ لەناوبردنی تیرۆر و مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی ئابووری جیهان.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەوەشی گوتبوو: "لەگەڵ ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ كار دەكەین بۆ لەناوبردنی داعش و چالاكییەكانی ئێران لەناوچەكە".