Zana Natık Kerem
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2017
ریاز ــ AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند كە سووریا و ئێران لەبەر ئەوەی پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن بانگهێشتی لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی نەكران.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی، رێكس تیلەرسن لە شاری ریاز، عادل جوبەیر ئاماژەی بەوە دا كە لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی بەشدارییەكی بەهێزی بە خۆوە بینی لە لایەن وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و گوتی: "دوو وڵات بەشدارییان لە لووتكەكەدا نەكرد كە ئەوانیش، سووریا و ئێران بوون".
وەزیری دەرەوەی سعوودیە هۆكاری بانگهێشتنەكردنی سووریا و ئێران بۆ لووتكەكە بۆ ئەوە گەڕاندنەوە كە رەگەزپەرستی پەیڕەو دەكەن و رێز لە یاساکانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ ناگرن و ئێران پاڵپشتی تیرۆرە.
عادل جوبەیر دووپاتیكردەوە كە سووریا و ئێران ناتوانن هیچ رۆڵێكیان هەبێت لەو جۆرە لووتكانەدا.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتیشی: "ئەگەر ئێران بیەوێت بەشداری لەو جۆرە لووتكانەدا بكات ئەوە پێویستە واز لە پاڵپشتیکردن لە تیرۆر و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە بهێنێت".
عادل جوبەیر هەروەها ئەو گوتەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كە لە لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی پێشكەشی كرد بە مێژوویی وەسف كرد و گوتی: "لە گوتەكەیدا دۆناڵد ترەمپ باسی لە سیاسیەتی ئەمریكا كرد بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی".
ناوبراو گوتیشی: "دۆناڵد ترەمپ دەستی هاوكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و هەروەها بونیادنانی ئایندیەكی باش بۆ گەڵان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ جیهانی ئیسلامی درێژ كرد".
عادل جوبەیر ئاماژەی بەوەشدا كە گوتەكانی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی بە یەك ئاراستە بوو سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەویی و هەروەها بوونی پەیوەندییەكی هاوبەشی پتەو لە نێوان ئەمریكا و جیهانی ئیسلامی.
عادل جوبەیر گوتیشی: "ئەنجامی لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی جەخت دەكاتەوە لەسەر گرنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەویی و پارەداركردنی تیرۆر ھەروەھا بونیادنانی ئایندەیەكی باش بۆ گەلانی ناوچەكە و جیهان".
لە كۆتایی قسەكانیدا عادل جوبەیر گوتی: "هەر لە ئەنجامی لووتكەكەدا، ناوەندێكی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی كرایەوە".
دوێنێ یەكشەممە بە بەشداری، ٥٥ سەركردەی عەرەبی و ئیسلامی و سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لووتكەی ئیسلامی ــ ئەمریكی لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو.