سياسەت, جيهان

سوودانی و جۆ بایدن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان لە ڕێگای تورکیاوە تاوتوێ کرد

Zana Natık Kerem  | 16.04.2024 - نوێکردنەوە : 17.04.2024
سوودانی و جۆ بایدن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان لە ڕێگای تورکیاوە تاوتوێ کرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ستایشی ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی ھەموو پرسە ھەڵپەسێردراوەکان، لەوانە دابینکردنی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆشکی سپی ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکە، محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ھاوبەشی ستراتیژی بەردەوام لە نێوان عێراق و ئەمریکا، ھەروەھا گفتوگۆیان کردەوە لەبارەی ھەماھەنگییە دووقۆڵییە گشتگیرەکان، بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٠٨ و لەوبارەیەوە ڕێککەوتن لەسەر گرنگی پێکەوەکارکردن بۆ پتەوکردنی سەقامگیری ھەرێمی و ڕێزگرتن لە سەروەری و ئاسایشی عێراق.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا جەختیان لەوە کردەوە کە ئابووری ھەمەجۆر و گەشەکردووی یەکخراوی عێراق لەگەڵ ناوچەکە و سیستەمی ئابووری جیھانیدا، بنەمای سەقامگیری ھەمیشەیی ناوچەکە و خۆشگوزەرانییە بۆ گەلی عێراق، لەوبارەیەوە بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆڕ کردووە سەبارەت بە ڕێگاکانی ھاریکاری لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ پتەوکردنی ئامانجە ھاوبەشەکان، لەوانە پشتیوانیکردن لە عێراقی بەھێز و سەقامگیر کە کاردەکات بۆ بەھێزکردنی ئاشتی و پێشکەوتن لە سەرانسەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ــ دەستپێکردنەوەی نەوتـی ھەرێمی کوردستـان لە ڕێگای تورکیاوە

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، جۆ بایدن ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کردووە کە عێراق لە بواری وزەدا، بەدەستیھێناوە و ڕاشیگەیاندووە کە ئەمریکا بەردەوام پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ نوێکردنەوەی کەرتی وزە و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و باشترکردنی دۆخی تەندروستی گشتی و دابینکردنی کارەبا بەشێوەیەکی متمانەپێکراوتر بۆ گەلی عێراق و تەواوکردنی بەستنەوەی تۆڕەکانی وزەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەتایبەتی لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی ئەنجوومەنی ھـاریکاریی کەندا.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن جەختیان لە گرنگی دەستەبەرکردنی گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان کردەوە و خواستی خۆیان بۆ دووبارە کرانەوەی ھێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا دەربڕیووە.

ــ چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکـانی نێوان ھەولێر و بەغدا

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، جۆ بایدن پشتیوانی ئەمریکای بۆ عێراق دووپاتکردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق، ھەروەھا بەڵێنی داوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت ئابوورییەکی بەھێزتر بەدەستبھێنێت.

باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراقی کردووە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو پرسە ھەڵپەسێردراوەکان، لەوانە دابینکردنی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە عێراق، بە ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و ڕوون لە ھەرێمی کوردستان -عێراق.

ــ ئـابووری و دارایی

ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەشدراوە کە محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن گفتوگۆیان کردووەی لەبارەی ھەوڵە پێشکەوتووەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ھەردوو کەرتی دارایی و بانکییدا کە یارمەتیدەرە بۆ بەستنەوەی عێراق بە ئابووری نێودەوڵەتی و زیادکردنی بازرگانی و پاراستنی گەلی عێراق لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، وەک ئەوەی لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ بەدیھاتووە لە فراوانترکردنی پەیوەندییە بانکەکانی عێراق لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەھێزکردنی دارایی بازرگانی.

ــ شکستی داعش

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە شکستپێھێنانی داعش و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پابەندبوونیان بە عێراقێکی سەقامگیر و سەلامەتەوە و ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە داعش ناتوانێت جارێکی دیکە لەناوخۆی عێراقدا ڕیزەکانی ڕێکبخاتەوە بۆ ھەڕەشەکردن لە گەلی عێراق و ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە، لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە باوەڕی بە عێراقێکی بەھێزە کە دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات کە ئەویش زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری ھەرێمی و بەھێزکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پاراستنی خاک و گەلی عێراق.

باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا سەرکەوتنەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشیان لە عێراق و سووریا تاوتوێ کردووە کە تیایدا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە شکستپێھێنانی داعش.

لەوبارەیەوە جۆ بایدن ئاماژەی بەوەداوەکە شکستی ھەمیشەیی داعش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی عێراق، ناوچەکە و جیھان لە داھاتوودا، ھەروەھا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی عێراق بۆ پەرەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی و ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا دەگێڕێت.

ــ ھەمـاھەنگی ئـاسایشی دووقۆڵی بەردەوام

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا باسیان لەو پێشکەوتنانە کردووە کە لە ماوەی دە ساڵدا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەدەستھاتوون، لەوبارەیەوە پابەندبوونی خۆیان دەربڕی بۆ کارە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای سەربازی و ئەنجامەکانی و سێ گرووپی کارکردن کە ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڕەشە بەردەوامەکانی داعش، پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆن و توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن، ھەروەھا جەختیان لەوە کردەوە کە پێداچوونەوە بە فاکتەرەکانی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەکەن کە دواتر ھەنگاو بە ئاراستەی ھاوبەشی ئاسایشی ھەمیشەیی دووقۆڵی بە پێی دەستووری عێراق و ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا دەنرێت .

جەختیان لەوە کردەوە کە دەیانەوێت لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داھاتووی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئاسایشدا، ئەنجام بدەن.

ــ ھـاوبەشی ستراتیژی و بەردەوام

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا، محەمەد شیاع سوودانی و جۆ بایدن پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ ھاوبەشە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و بڕیاریاندا ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا فراوانتر بکەن لە ھەموو ئەو بوارانەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا و کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ھەماھەنگییدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و جەختیان لەوە کردەوە کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە ڕاوێژکردنی نێوانیان سەبارەت بە ھاوبەشێکی گشتگیر و بەرھەمدار بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın