06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پلانی ستراتیجیی هەرێمی کورستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٥ راگەیاند.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ستراتیجیی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کە لەلایەن دەستەکەمانەوە ئامادەکرابوو پەسەندکرد، ئەو ستراتیجییەتە بریتییە لە پلانێکی گشتگیری دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئەوەی حکومڕانی بەشێوەیەکی کاراتر و شەفافتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەڕێوەبچێت".
ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "سێکتەرەکانی ئەم ستراتیجییەتە لەسەر هەرچوار بنەمای شیکاری، کورتکردنەوەی خاڵە بەهێزەکان و خاڵە لاوازەکان، هەڕەشەکان و دەرفەتەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و دواتر لەسەر ئەو بنەمایانە ئامانجەکان نووسراونەتەوە و پاشان راستەوخۆ لەدوای هەر سێکتەر و بوارێکدا بەرنامەی جێبەجێکردن خراوەتەڕوو، داتاکانی ناو ستراتیجییەتەکە لە ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢١ وەرگیراوە و داتاکان جۆرایەتین لە شێوەی دیمانە و فۆکس گرووپ کۆکراونەتەوە، واتە هەموو دامەزراوەکان بەشداربوون لەوەی کە هەڵسەنگاندن بۆ دامەزراوەکانی خۆیان بکەن و خاڵە لاواز و بەهێزەکان دیاریی بکەن، هەروەها پێشنیازی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکانیان خستووەتەڕوو".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد ئەنوەر دەربارەی شێوازی کارکردنی ستراتیجییەتەکە رایگەیاند "ئەم ستراتیجییەتە بەسەر سێ سێکتەر و پاشکۆیەکدا دابەشبووە. لە سێکتەری یەکەمدا دامەزراە فەرمییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە کە بریتین لە پەرلەمان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پاشان دەسەڵاتی دادوەریی و دامەزراوە سەربەخۆکان کە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و راپرسی لەخۆدەگرێت، سێکتەری دووەم تایبەت کراوە بە پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا، سێکتەری سێیەم تایبەتکراوە بە کەرتی تایبەت و لە کۆتایی ستراتیجییەتەکەدا، پاشکۆیەک بۆ میکانیزمی چاودێریکردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی کاری ستراتیجییەتەکە تەرخانکراوە".
ئەحمەد ئەنوەر دەربارەی ئامانجەکانی پشت ستراتیجییەتەکە گوتی: "ئەم ستراتیجییەتە بۆ ئەم ئامانجانە نووسراوەتەوە؛ گەشەپێدانی دەستپاکی و لێپرسینەوە و شەفافیەت لە هەموو دامودەزگاکان گشتی و تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتی پێیان، برەودان بە کەلتووری هۆشیاری و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی پەروەردەیی و دامودەزگایی، جێگیرکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و حکومڕانیەتی شەفاف و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە چوارچێوەی یاسایی و جێبەجێکردن و دادوەریدا، دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەنێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەکان بەمەبەستی چاودێرییکردنی ئەدای دامەزراوەکان و پاڵپشتیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیجییەتە، خێراکردنی پرسەکانی لێپرسینەوە و یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەڕێگای کارایی دامەزراوەکانی دادوەریی و نەهێشتنی پارێزبەندی یاسایی و سیاسی ناپێویست".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "ئەم ستراتیجییەتە جارێکی دیکە بەشێوەی یاسایی دەنووسرێتەوە و دادەڕێژرێتەوە و پاش پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیقی کوردستان پاش مانگێک دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ئێمە بە هاوکاری دامەزراوە فەرمییەکان میکانیزمێک دادەنێین کە چۆن چاودێریی جێبەجێکردنی بکەین، پێشمان وایە پەسەندکردنی ئەو ستراتیجییەتە هەنگاوێکی باشە بۆئەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەن پلانێکی کاری روون و ئاشکرابێت بۆ چوارساڵی داهاتوو، بۆئەوەی هەردامەزراوە و هەر دەسەڵاتە لە سنووری خۆیدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خۆی دەکات و پێشنیاز بۆ باشترکردنی کارەکانی خۆی دەکات، واتە پرۆسەی چاکسازی ریشەیی لە دامەزراوە فەرمییەکان بە ئاراستەیەکی باش دەڕوات و دەچێتەپێش".
ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "پاش پەسەندکردنی ئەو ستراتیجییەتە، دەتوانین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتییەکی باش بەدەستبهێنین بۆئەوەی هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجییەتە، بەهاوکاریکردنمان لە رووی پسپۆری شارەزا و ئەزموونیان لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەندێکجارێش هاوکاری دارایی".