Hawkar Yaseen
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر کەیسە تۆمارکراوەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان و ئاماری سزادراوان بەتۆمەتی گەندەڵی بڵاوکردەوە.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥ تا ساڵی ٢٠٢٠ لە دادگاکان، ١٥٨ كەیسی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، لەو کەیسانەش زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای دهۆك بووە كە ٦٥ كەیسە و دواتر سلێمانی بە ٥٣ كەیسی گەندەڵی و لە پارێزگای هەولێریش ٤٠ كەیس تۆمارکراوە".
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "بەتەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ لە تەواوی هەرێمی كوردستان، ٧٠ كەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان كراوە كە ئەمیشیان زۆرترین رێژەی گەندەڵی لە سنووری پارێزگای دهۆك بووە بە ٣٩ كەیس، دواتر هەولێر ١٥ كەیس و سلێمانی-یش ١٤ كەیس".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی ئەمساڵ رەوانەی دادگاكان کراون و بەتۆمەتی گەندەڵی سزادراون ٢٦ كەس بوون، ١١ کەسیان لە هەولێر و حەوتیان لە دهۆک و پێنج کەس لە گەرمیان و سێ کەسیشیان لە سلێمانی بوون".
حاکم ئەحمەد ئەنوەر دەربارەی پلە و کاری ئەو کەسانەش کە سزادراون گوتی: "ئەو ٢٦ کەسەی سزادراون زۆرترینیان فەرمانبەری حکوومەتن، یەک بەڕێوەبەری گشتی و پێنج بەڕێوەبەر و یەک بەڕێوەبەری پێشکەوتوو، ١٤ فەرمانبەر و یەک پۆلیسی خانەنشین و یەک پاسەوان، سێ کەسیش لە سزادراوان کاسبکار بوون".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر راشیگەیاند "كۆی گشتی ئەو زانیارانەی ئەمساڵ لەسەر كەیسی گەندەڵی دراوتە دەستەی دەستپاكی بریتیبوون لە ٩٢ زانیاری هەواڵدەری، لەو ژمارەیەش بەهۆی هەبوونی بەڵگەی پێویست ٨٧ كەیسیان تۆماكراوە و لەئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان لەلایەن دەستەكەمانەوە".