Hawkar Yaseen
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەری هەریەک لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، گۆڕان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی تێدابوو، مانگرتینان لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی خەڵک و خۆپیشاندەرانیان کردووە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا خوێندیانەوە رایانگەیاند "سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بوونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابووریی كردووە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنوورەكان دا و رۆژانە گەنجی غەدرلێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن، ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقامدا بكەن، ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتایی پێبهێنرێت و داوایش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لوولەی تفەنگەكانتان لە بەرامبەریاندا رامەگرن".
ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیەندراوەکەیاندا داوایەکیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردووە نووسیویانە "داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵ بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە رووبەڕووبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت".
هەروەها داوایان ئاراستەی خۆپیشاندەرانیش کردووە و دەڵێن "داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنەبەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان لێدەكەین، داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سووتاندنی شوێنە گشتییەكان كە موڵكی گشتین".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو پەرلەمانتارانە داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانیشیان کردووە و رایانگەیاند "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوە و حكوومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوومەت مولزەم بكرێت چاکسازی ریشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکان و چارەسەری ریشەی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و رێكکەوتنی فعلی لەگەڵ حكوومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژبە خۆپیشاندەران".
لە کۆتایی بەیاننەمەکەشیاندا رایانگەیاندووە "جەماوەری دڵسۆزی كوردستان، بەڵێنتان بۆ دووپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەموو رێکارێکی پەرلەمانیی و مەدەنیی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیر و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان. لە پشتیوانیکردنی ناڕەزاییەکان بەردەوام دەبین تا ئەوكاتەی ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت و پەرلەمان كارادەكرێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنرێت".
داواشیان ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان کردووە کە بەشداربن لەگەڵیاندا و رایانگەیاندووە "داوادەکەین سەرجەم پەرلەمانتاران پشتیوانی خواستی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بکەن".