Zana Natık Kerem
07 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
راگەیەندرا کە ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین ناوەڕاستی عێراق لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە، هاوکات پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری رایگەیاند کە لە هەفتەی داهاتووەوە، ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە.
لەوبارەوە پارێزگاری سەڵاحەددین، عەممار جەبر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتە روو کە ژمارەیەک بڕیاری تایبەت بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لەو پارێزگا دەرکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی سەڵاحەددین، شارەوانی تکریت، بەڕێوەبەری قەرەبووکردنەوەکان لە پارێزگاکە و بەڕێوەبەری ورزش و لاوان لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پزیشکی تایبەت بە چارەسەرکردنی برینداران و زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنەکان، گۆڕدراون.
لای خۆیەوە پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری رایگەیاند کە ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لەو پارێزگایە لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە.
لوئەی یاسری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لەو پارێزگایە لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە بە تایبەتیش ئەوانەی کە ماوەی چوار ساڵە لە پۆستەکانیاندا نە گۆڕدراون، هەروەها ئەو بەڕێوبەرانەی کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لاواز بوون.
باسی لەوەیش کردووە کە لە هەفتەی داهاتووەوە لەسەر داوای خۆپیشاندەران، بڕیاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەری فەرمانگە حکوومییەکان لە پارێزگای نەجەف جێبەجێ دەکات.
دوێنێ شەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی دابوو، لیژنەیەک بە ئامانجی پێداچوونەوە بە ئەدای پارێزگاران و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە پارێزگاکان پێکبهێندرێت.