وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەی ژمارەی ٣٩دا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی دەکردووە و تیایدا قەدەغەکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی تا رۆژی ١٥ی ئەم مانگە درێژکردووەتەوە.
لە بەیاننامەکدا ئاماژە دراوە بە درێژکردنەوەی راگرتنی ھاتوچۆکردنی ئۆتومبێل لەنێوان پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھوک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان لە ٧/٦/٠٢٠٢ کاتژمێر ١٢ی شەو تا ١٥/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو.
هەروەها بڕیاردراوە بە داخستنی سەرجەم ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە پێشووتر رێگەپێدراوبوون لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ شەشی بەیانی.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتە روو کە رێگەپێدان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترونی دەبێت کە لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ دانراوە.
هەروەها هاتووە پەرلەمانتارانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی عێراق کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن، رێگەپێدراون بە ھاتوچۆکردن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستانیش رێگەپێدراون بە ھاتوچۆکردن لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.
لە خاڵێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە رێگە بە هاتوچۆکردنی دیپلۆماتکارانی بیانی و ھێزی ھاوپەیمانان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دراوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە بۆ ئاسانکاری و رێگەپێدان بۆ ئاژانسەکانی یوئێن و رێکخراوەکانی سەربە یوئێن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هەماهەنگی قەیرانەکان، رێگا بە هاتوچۆکردنی کۆمپانیاکانی پەیوەندیی و نەوت دەدرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن و سامانە سروشتییەکان.
هەروەها ئاماژە دراوە بە ئاڵوگۆڕی هێزە ئەمنییەکان و تیایدا ئەوە روونکراوەتەوە کە ئاڵوگۆڕی ھێزە ئەمنییەکانی ناو ھەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەنھا لە رۆژانی شەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک ئەنجام دەدرێت و دەبێت نووسراوی پشتگیری وەزارەتی ناوخۆیان پێ بێت و ھەماھەنگی بکرێت لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بەر لە ٢٤ کاتژمێر لە دەستپێکردنی پرۆسەی گۆڕینیان.
لەبارەی هاتوچۆکردنی گەشتیارانیش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکراوە کە دەروازە سنوورییەکانی: پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئومەران، ئیبراھیم خەلیل، سەرزێری، سەیرانبەند، کێلێ، تەوێلە، پشتە و شووشمێ و ھەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتیاران بە داخراوی دەمێننەوە وھیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی وەزیری ناوخۆ رێگەی پێ نادرێت بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر لە دەرەوەی وڵات بێت و لە میانی گەڕانەوەیان لەو پارێزگایە یان ئیدارە سەربەخۆیەی کە لێی نیشتەجێیە کەرەنتین دەکرێت و پێویستە لەسەر ژووری ئۆپەراسیونەکان کە ئەو هاووڵاتییە لەو سنوورەی کە لێی نیشتەجێیە گشت رێکارە تەندروستی و ئەمنییەکان بگرێتەبەر بۆ بردنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لەو دەروازە سنوورییەی کە لێی ھاتوون بە مەبەستی کەرەنتین کردنیان بۆ ئەو ماوەیەی کە وەزارەتی تەندروستیی دیاری کردووە.
هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان بەپێی رێنماییەکانی پێشووتر بەردەوام دەبێت و ئەو هاووڵاتییانەیشی کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و لە پارێزگاکانی دیکە عێراق گیریان خواردووە بەھۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆ، ئەوا رێگایان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان بەمەرجێک پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت و تا دەرچوونی ئەنجامی پشکنین کەرەنتین دەکرێن لەو پارێزگایە یان ئیدارە سەربەخۆیەی کە لێی نیشتەجێیە.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەیشی کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، دەتوانن لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بگەڕێنەوە و لەسەر ئەرکی خۆیان کەرەنتین دەکرێن، جگە لە قوتابییان کە بە مەبەستی خوێندن لە دەرەوە بوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەو کەسە بیانیانەی کە وەک وەبەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن رێگایان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان بە مەرجێک نشینگەی ھەرێمی کوردستانیان ھەبێت و پشتگیری وەزارەت یان لایەنی پەیوەندیداریان ھەبێت و لەسەر ئەرکی خۆیان لەو پارێزگایە کە وەبەرھێنانی تیادا دەکەن کەرەنتین دەکرێن بۆ ئەو ماوەیەی کە وەزارەتی تەندروستیی دەست نیشانی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، جەخت لەوەکراوەتەوە کە پێویستە لە فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکرێت بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی بە تایبەتی بەکارھێنانی دەمامک و دەستکێش و ھەر فەرمانبەرێک یان کارمەندێکی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ یان پێشمەرگە یان ئاسایش پابەند نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکان سزا دەدرێت.
هەروەها دەسەڵات دراوە بە بە پارێزگا و سەپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی رێگەپێدان بە کردنەوەی ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە پێویستن بۆ هاووڵاتییان و داخستنی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی دەکەن.