Zana Natık Kerem
19 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە یاسای ئەنجوومەنی بنیاتنان، كاری دەستەكانی وەبەرهێنان لە عێراق رێكدەخاتەوە و ئاماژە بەوەیش دەكات كە بەهۆی گەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە، كاری وەبەرهێنانی لە عێراق پەكخراوە.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەبدوڵڵا عەبدولحەمید زیاب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق بە سەرچاوەكانی داهاتی ئابووری زۆر دەوڵەمەندە و گوتی:
"هەموو حكوومەتەكانی پێشوو بۆ سەرچاوەی داهاتی وڵات، تەنها پشتیان بە نەوت بەستبوو، بەڵام حكوومەتی ئێستا دركی بەوە كردووە كە عێراق سەرچاوەی دیكەی بۆ داهات هەیە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت".
گوتیشی: "وەبەرهێنان یەكێك لە سەرچاوە گرنگەکانە كە دەكرێت بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووری وڵات پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام بەهۆی گەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە، كاری وەبەرهێنانی لە عێراق پەكخراوە".
عەبدوڵڵا عەبدولحەمید زیاب راشیگەیاند كە یاسای ئەنجوومەنی بنیاتنان، كاری دەستەكانی وەبەرهێنان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق رێكدەخاتەوە.