Hawkar Yaseen
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2020
هەولێر - AA
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا دانیشتنەکانی خولی پاییزەی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات و رۆژی دووی ئەیلوولی داهاتوو دانیشتنی کردنەوەی خولەکە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکدێت، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە دەست پێ کردنی خولی پاییزە و پلان و بەرنامەڕێژی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەو خولەدا.
لە تەوەری دووەمی دانیشتنەکە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکوماڵ دەکرێت کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و رەوانەی پەرلەمان کراوە و لە تەوەری کۆتایشدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش دەکرێت لە هەرێمی کوردستان.
دانیشتی رۆژی چوارشەممە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ دەست پێ دەکات و بەپێی بڕیاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ لەمەودوا هەموو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆوە دەبێت.
چاوەڕوان دەکرا یاداشتەکەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردبوو بۆ بانگهێشتکردن و پرساندنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی لە کارنامەی دانیشتنی دەستپێکی وەرزی پاییزەی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بەهۆی چەند گرفتێکی یاسایی و پەیڕەوی لە ئاراستەکردن و داڕشتنی یاداشتەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یاداشتەکەیان رەتکردووەتەوە و داوایان کردووە جارێکی دیکە ئەو ئەندامانەی پەرلەمان بەپێی خاڵە پەیڕەوییەکان یاداشتەکە دابڕێژنەوە و ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی بکەنەوە نەک دەستەی سەرۆکایەتی.
پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەم خولەیدا، 65 پرۆژە و بڕیار و پێشنیازە یاسای تاوتوێ کردووە، لەو ژمارەیە 10 پیشنیاز و پرۆژە و بڕیاریان پەسەندکراون، پێنجیان بەپێی بڕیار و یاسا پەسەندکراوەکانی پێشتر چارەسەرکراون، 12 پرۆژە و پێشنیازیشیان لەلایەن لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان یان ئەنجوومەنی وەزیران رەتکراونەتەوە.
ئێستا 38 پێشنیاز و پرۆژەیاسا لەبەردەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا ماوە کە لەم خولە کاری لەسەر بکەن، 21 پێشنیاز و پرۆژەیان پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و خەرجی هەیە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە دابینکردنی بدات، 10 پێشنیاز و پرۆژە لای لیژنەی یاساییە و تا ئێستا بڕیار نەدراوە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت، حەوت پێشنیاز و پرۆژەشیان ئەوانەن کە لەژێر پرۆسەی تەشریعیدان و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە و ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەکان کراوە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەتمەند بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.