Mazın Asad
04 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی سەبارەت بە روونکردنەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە سووریا، رایگەیاند: "ئەمریکییەکان ھەر رۆژێک شتێک دەڵێن. متمانە نە بە قسەکانی و نە بە بەڵێنەکانی حکوومەتی ئێستای ئەمریکا دەکەین".
لەدوای کۆتاییھاتنی لووتکەی سێقۆڵیی تورکیا-رووسیا-ئێران، ھەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان سازکرد.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ھەڵوێستی ھەر سێ وڵات بەرامبەر بە ھەوڵەکانی رێگریکردن لە ھەماھەنگی نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران، روحانی رایگەیاند ئەمریکا و ئیسرائیل تاکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون و ویستیان ئیدارەی دیمەشق بڕوخێن و کەشێک نالەبار دروست بکەن.
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا کە ئەو وڵاتانە بۆ بەرژوەندی خۆیان ئەو جۆرە ھەواڵانەیان دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و گوتیشی: "نابێت بە ھیچ شێوەیەک نەخشەی ناوچەکەمان بگۆڕێت".
حەسەن روحانی روونیشی کردەوە کە دەیانەوێت لە وادەیەکی نزیکدا دابینکردنی ئاسایش بۆ سووریا و ناوچەکە ببینن و راشیگەیاند ئامانجی پێشەکی ھەرسێ وڵات، دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشیە لە ناوچەکەدا.
لەبارەی روونکردنەوەی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەیان لە سووریا، حەسەن روحانی گوتی: "ئەمریکییەکان ھەر رۆژێک شتێک دەڵێن. متمانە نە بە قسەکانی و نە بە بەڵێنەکانی حکوومەتی ئێستای ئەمریکا دەکەین".
سەرکۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ مانەوەی وڵاتەکەی لە سووریا داوای پارەی لە وڵاتانی عەرەبی کردووە و گوتیشی: "ئەمە بەم مانایە دێت: لە سووریا دەمێنننەوە و پارەی پێویستیش لە وڵاتانی عەرەبی وەردەگرن".