Zana Natık Kerem
03 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2018
پاریس ــ AA
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئەنجامداوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە كۆشكی ئیلیزێ بڵاوی كردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئیمانوێل ماكرۆن بە حەسەن روحانی راگەیاندووە كە لە بەرامبەر قوربانیانی ناڕەزایەتییەكان كە زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتووەتەوە، هەست بە نیگەرانی دەكات.
بە پێی بەیاننامەیەكە كە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەركۆماری فەڕەنسا بە سەركۆماری ئێرانی رایگەیاندووە کە گرنگە رێز لە مافی هاووڵاتییان بۆ بیركردنەوە و دەربڕینی راو بۆچوونیان بگرن، هەروەها داواشی كردووە رەوشەكە هیۆر بكرێتەوە.
رووداوەكانی ئێران رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی كانوونی یەكەم، لە ئەنجامی پرۆتستۆكردنی گرانیی ژیان و گوزەران، بێكاریی و گەندەڵیی لە لایەن ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی مەشهەدەوە، دەستی پێكردبوو. ناڕەزایەتییەكان لە ماوەیەكی كورتدا بۆ خۆپیشاندانی دژ بە رژێم گۆڕان و هەریەك لە تاران، كرماشان، سنە، زەنجان، شیراز، قوم، ئەهواز، زاهیدان، ئەراك، خوڕەمئاباد و زۆر شاری دیكەیان گرتەوە. تا ئێستاش لە ئاكامی خۆپیشاندانەكاندا ٢٥ كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار كەس لە خۆپیشاندەران دەستبەسەركراون.
ــ رێككەوتنی ئەتۆمی
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەردوولا رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١یان تاوتوێ كردووە كە لە میاندا ئیمانوێل ماكرۆن ئاماژەی بەوەداوە كە پشتیوانی لە رێككەوتنەكە دەكات.
هەر بە پێی بەیاننامەكە، ئیمانوێل ماكرۆن داوای لە حەسەن روحانی كردووە كە پشتیوانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات و بەرگریش لە رێككەوتنە بكات و پێوەی پابەند بێت.