Abdullah Shukur
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
سەرۆکی رووسیا فلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئازەربایجان ئیلھان عەلیەڤ و سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان کۆبوونەوە.
ھەر سێ سەرکردە لە سەنتەری حەیدەر عەلیێڤ کۆبوونەوە و پرسەکانی وەک وزە، پرۆژەکانی وزە و گەیاندن، پەیوەندییە ئابوورییەکان، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
سەرکۆماری ئازەربایجان ئیلھام عەلیێڤ لە گوتەیەکی لە لووتکەکە ئاماژەی بە ھەڕەشەی نێودەوڵەتی تیرۆریزم کرد و بەم پێیەش رایگەیاند کە ئەو ھەڕەشانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر لەناو دەچێت و بانگەوازی بۆ رای گشتی نێودەوڵەتی کرد ھەماھەنگی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بخەنەڕوو.
عەلیێڤ ستایشی پوتین و روحانی کرد بەھۆی ھاتنیان بۆ باکو و زیاتر گوتیشی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە. وڵاتەکەنمان ھەماھەنگییەکی سەرکەوتوو بەڕێوە دەبن و ھاوکاریی یەکتر دەکەن. کۆبوونەوەکانمان سوود بە ئابووری وڵاتەکەنمان دەگەیەنێت. دەتوانین پرۆژە ھاوبەشەکان ئەنجام بدەین".
سەرکۆماری ئازەربایحان لەبارەی پێکدادانەکانی ئەرمینیا-ئازەربایجان و کێشەی ناوچەی قەرەباغ، روونی کردەوە کە ئەرمینیا ساڵانێکی زۆر خاکی وڵاتەکەی داگیر کردووە و ھەروەھا چوار بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی داگیرکارییەکە پێشێل کردووە و راشیگەیاند بەو ھۆیەوە زیاتر لە ملیۆنێک خەڵکی ئازەربایجان ناچاربوون خاکەکانیان جێ بھێڵن و زیاتر گوتیشی: "رەوشی ئێستای کێشەی قەرەباغ مایەی قبووڵکردن نییە. پێویستە کێشەکە لە چوارچێوەی یاساکانی نێودەوڵەتی و یەکپارچەیی خاکی ئازەربایجان چارەسەر بکرێت".
لە لایەکی ترەوە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاماژەی بەوە دا کە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و راشیگەیاند پشتگیری ھەموو جۆرە ھەوڵێک دەدەن کە دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی ھەماھەنگی لەگەڵ دراسێکانیان و پشنیاریشی کرد کە کۆبوونەوەی داھاتووی سێ قۆڵی لە وڵاتەکەی بەڕێوە بچێت.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینیش ئاماژەی بە گرنگی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە دەرفەتی پێکەوە بەڕێوەبردنی زۆرێک لە پرسەکانی رەخساندووە.
پوتین گوتیشی: "بێگومان ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان دەکەینەوە. پێویست بە بەرنامەیەکی بەو جۆرە ھەبوو. ھەر سێ وڵات بە ویستن بۆ ھەماھەنگیکردن لە پرسە ناوچەیی و جیھانییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان".
-بەیاننامەیەکی ھاوبەش واژۆ کرا
لە دوای لووتکەکە پوتین، عەلیێڤ و روحانی بەیاننامەی ھاوبەش واژۆ کرا. ھاوکات سەرکردەکان لە بەیاننامەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات پێگەی یاسایی دەریایی خەزەر قبوڵ بکرێت. لایەنەکان، لە بەیاننامە ھاوبەشەکەدا ئاماژەیان بە بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆریزم، جوداخوازی، قاچاخچییەتی چەک و مادەی ھۆشبەر کردەوە. لە پاڵ ئەمەش لە بەیاننامەکەدا بە توندی ئیدانەی ھەموو جۆرەکانی تیرۆر کرایەوە.
لە نێو بەیاننامەی لایەنەکان راگەیەنرا کە شەڕ و پێکدادانی چارەسەر نەکراوی ناوچەکە رێگرە لە گەشەپێدانی ناوچەکە. ھەروەھا ئاماژەیان بە پێویستی چارەسەرکردنی شەڕ و پێکدادانەکان بە رێگەی دانوستانی نێودەوڵەتی و یاساکان کرایەوە.لە بەیاننامەکەدا بڕیاری بەھێزکردنی ھەماھەنگی ئێران، ئازەربایجان و رووسیا لە بوارەکانی کار، رۆشنبیری و گەشتیاری دەرکرا. ئاماژە بە گرنگی ئاسانکردنی وەرگرتنی ڤیزا لە نێوان ھەر سێ وڵاتیش کرایەوە.لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە نیازی ھەر سێ لایەنەکان لەبارەی پێشخستنی بوارەکانی ئابووری و گواستنەوە و وزە کرایەوە.لایەنەکان لە بەیاننامە ھاوبەشەکەدا پاڵپشتیان لە بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، لە بارەی گواستنەوەی گازی سرووشتی کردووەتەوە.ھاوکات پاڵپشتی لە بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ژینگە کراوەتەوە. لایەنەکانی خواستی خۆیان لەسەر دروستکردنی پرۆژەی ھێڵی ئاسنی بەمەبەستی کاراکردنی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە نێوانیان دەربڕیوە.