Sangar Hamad Azeez,Abdullah Shukur
22 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند لە لووتکەی سۆچی کە لە بارەی سووریا ئەنجامدرا، هەنگاوی گرنگیان ناوە.
روحانی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لووتکەی سۆچی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
ناوبراو سوپاسی هەریەک لە سەرۆکی رووسیا، ڤلایدمیر پوتین و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد کە هەلی ئەوەیان رەخساندووە سەقامگیری بۆ سووریا بگەڕێتەوە و هاووڵاتیان بگەڕێنەوە زیدی خۆیان و گوتیشی :"لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجامماندا هاوشێوەی هەنگاوەکانی کۆبوونەوەی ئاستانا سەبارەت بە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان هەنگاوی گرنگمان نا".
روحانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکە باسیان لە کۆتایی هێنانی داعش کردووە لە عێراق و سووریا و گوتی: "پێویستە هەموو جیهان ئەوە بزانێت کە تیرۆر هەرگیز ئامرازێکی باش نییە و مایەی هەڕەشەیە بۆسەر تەواوی وڵاتان. لە بابەتی داعش ئەوەمان بینی. ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی داعشیان کرد دەرئەنجامەکەیان بینی".
سەرکۆماری ئێران درێژەی بە گوتەکانی دا و گوتی: "ئامانجمان لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە لایەنەکان لە سووریا بە چالاکانە بەشداری لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سووریا بکەن و بگەنە دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر".
رووحانی گوتیشی: "لەم کۆنگرەیەدا زەمینەسازی بۆ دەستوورێکی نوێ و دەستوورێکی دادپەروەر و سەربەخۆ دەکرێ. ئەمە دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئەم سێ وڵاتە بە تایبەتی لە سووریاداـ ھەوڵدەدەن ھاوکاری گشت جیھان بکەن بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرجەستە بکرێ و ھاوکاری گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان و دووبارە بونیاتنانەوەی سووریا بکرێ".
رووحانی جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا، رووسیا و ئێران بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ کردووە بۆ ئەوەی ژیانێکی باش لە داھاتوودا بۆ خەڵکی سووریا دەستەبەر بکرێ و رێکەوتوون لەسەر بەستنی کۆنگرە. گوتیشی: "وەزیرانی دەرەوەی ھەر سێ وڵات، سەرۆک ئەرکانەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان رێککەوتوون لەسەر ئاسانکاری لە بەستنی ئەو کۆنگرەیە".
رووحانی زیاتر گوتیشی: زۆر خۆشحاڵم بەوەی ھەنگاوێکی نوێ نراوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری و ھیوا دەخوازم لە داھاتوودا ھەڵبژاردنێکی سەربەخۆ و ئارام لە سووریا ئەنجام بدرێ. ئومێدەوارم ئەم شتانە لە سووریا ببیم".
رووحانی سوپاسی ئەردۆغان و پوتینیشی کرد. گوتیشی: "ھیوادارم ھەوڵی ھەر سێ وڵات بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بەردەوام بێت".