Sarmand Hameed
06 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2021
هەولێر - AA
راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمى كوردستان، دلشاد شەهاب رايگهياند، لهپێناو ھێنانەدی یەكڕیزی و تەبایيى نێوان لايهنه سياسييهكانى كوردستان، سەردان و دیدارەكانی سەرۆكی ھەرێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیيەكان و پێكھاتەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت.
دلشاد شەهاب له لێدوانێكدا بۆ ماڵپهڕى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان راشیگەیاند، ئەم يهكڕيزى و تهبايى، ئهركێكى نیشتمانیيە كه پێویستی بە دەنگ و رەنگی ھەمووانە بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی خواستەكانی ئەم قۆناغە ھەستیارە بێت.
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەیاوەری جێگرانی سەرۆکی هەرێم، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستانی کرد.
رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی بەیاوەری مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا لە شاری سلێمانی سەردانی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کرد.
هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەردوو جێگرەکەی لە شاری هەولێر سەردانی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین-یان کرد و لەگەڵیاندا کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، وێرای تاوتوێکردنی رەوشی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بووە.