Sarmand Hameed
06 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2021
هەولێر - AA
شاندێکی باڵای ئەمریکی سڵاو و رێزی جۆ بایدن و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتەکەیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەیاند و دووپاتیان کردەوە کە ھەر لە بایدنەوە تا بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکا، دۆستی زۆرتان لە واشنتۆن ھەیە و ئیدارەی تازەی ئەمریکا لە پشتگیری و یارمەتیدانی ئێوە و ھاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت، بە بایەخەوە لە ھاوبەشی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و گرنگی بە پتەوکردنی ھاریکاریی درێژخایەنی نێوانیان دەدات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمریکی کرد کە لە ڕێکخەری کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە کۆشکی سپی، برێت مەکگورک و گەورە راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دێریک شۆلێی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک بە وەکالەت، جۆوی ھوود و جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەینا سترۆل و چەند راوێژکاری دیکەی ئیدارەی ئەمریکا و بەرپرسان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسولخانەی ئەو وڵاتە لە ھەولێر پێکھاتبوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، شاندەکە ستایش و پێزانینی ئەمریکای بۆ رۆڵی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپات کردەوە و ھەردوولا ھاوڕابوون کە داعش ھێشتا ھەڕەشە و مەترسییەکی جددییە و بەرەنگاربوونەوە و ھەڵمەتی لەناوبردنی دەبێت بەردەوام بێت، ھەروەھا کاری ھاوبەش و ھاریکاریی ھەمووان لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا پێویستە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیری و یارمەتیی ئەمریکای بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و سەردانی شاندەکەی بە ناردنی پەیامێکی روونی ئەمریکا بە مانای بەردەوامیی پشتگیری و ھاوکارییان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و مکوڕییان لەسەر کاری ھاوبەش و پێکەوەیی بۆ نەھێشتنی یەکجارەکیی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جێگیرکردنی سەقامگیری لە قەڵەم دا.
گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئەمریکا و گرنگیی بەشداریی ھەرێمی کوردستان تیایدا، یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی نەوای ئارام و رۆڵی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە پاراستنی گەلی کوردستاندا، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، ھەماھەنگییان بۆ بەرەنگابوونەوەی داعش، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی ھاوبەش، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.