Azad Mohammed Abdullah
19 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆکى دەستەى گشتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، نەسرەددین سندى رایگەیاند "پێناسەى ئێمە بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم هەر ئەوەیە کە بە ناوچەى کوردستانى دەزانین، ئەوەى عێراق دەیەوێت لە رێگەى دەستوورەوە چارەسەر بکرێت حکوومەتى هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە و دەمانەوێت بە زووترین کات کێشەکانى ئەو ناوچەیە چارەسەر بکرێت و هەنگاوى جددى بۆ چارەسەرکردن و دەستپێکردنى دانوستان بنرێت".
نەسرەددین سندى لە هەڤپەیڤینێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵوگوتی: "لە ئێستادا ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى نەخوازراو و ناهەمواردان، هەڵبەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە رەوشەکە جیاوازە، بەڵام بە گشتى ئەو ناوچانە رووبەڕووى مەترسى بوونەتەوە، بەتایبەت کەرکووک و خورماتوو بووەنەتە ناوچەیەکی سەربازى و چەندین گرووپى چەکدارى تیایاندا بڵاوبووەتەوە بەوهۆیەوە هاتوچۆى هاووڵاتییان لەناو شار و دەرەوەى شار پەکی کەوتووە، رۆژانە مەترسى لەسەر ژیانیان هەیە".
- "دواى دانوستان بە میکانیزمى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدا ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبرێن".
سەرۆکى دەستەى گشتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەبارەى سەرلەنوێ بەڕێوەبردنى ئەو ناوچانە گوتى: "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى دەستوور چارەسەرى چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بکەین کە خۆى لە ئاساییبوونەوەى دۆخەکە دەبینێتەوە، مەبەست لە ئاساییبوونەوە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى حزبی بەعسى هەڵوەشاوەى عێراق و بڕیارەکانى لێژنەى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتى سەددامن کە بە هۆى ئەو دوو بڕیارەوە راگواستن و بەعەرەبکردن لە ناوچەکە دەستى پێکرد. ئەمە لەکاتێکدایە لە چەندین شار و شارۆچکەیەکى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بەعەرەبکردن بەردەوامى هەیە لە لایەن حەشدى شەعبى، وێڕاى بنبڕکردنى دیاردەى بەعەرەبکردن پێویستە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم قەرەبوو بکرێنەوە لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە".
گوتیشى: "خاڵێکى دیکەى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو ناوچانە ئەنجامدانى سەرژمێرییە لە تەواوى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لە سەرژمێرییەکەدا رێژەى کورد، تورکمان، عەرەب و پێکهاتەکانى دیکە تیایدا دەستنیشان بکرێت، ئەگەر حکوومەتى عێراق رژد بێت لەسەر داننەنان بە گشتپرسى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی کە لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانیش ئەنجامدرا، ئەوە ئێمەیش بە مافى خۆمان دەزانین جارێکى دیکە هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە لە گشتپرسییەکى دیکەدا بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆیان بدەن کە بگەڕێنەوە سەر هەرێمى کوردستان یان بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى عێراق، ئەمەیش لە دەستوورى عێراقدا رێگەى پێدراوە".
- "دەیان گرووپی چەکداری جیاواز لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم هەن"
نەسرەددین سندى ئاشکراى دەکات کە ژمارەیەکى زۆر لە گرووپى چەکدارى جیاواز لە ناوچە کێشە لەسەرەکان هەن و دەڵێت "لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمدا ژمارەیەکى زۆر لە گرووپى جیاواز هەن کە پێکدێن لە سوپاى عێراق، پۆلیسى فیدراڵى، میلیشیاکانى حەشدى شەعبى کە چەندین گرووپ لەخۆ دەگرێت و هەروەها چەکدارانى پەکەکە و یەپەگە کە نازانرێت ژمارەیان چەند چەکدار دەبێت، ئەگەر عێراق بانگەشەى ئەوە دەکات کە دۆخى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم وەک ساڵى ٢٠٠٣ی لێبێت، پێویستە بەزووترین کات چەکدارانى پەکەکە/یەپەگە و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى لەو ناوچانە بکشێنێتەوە، تاکو لە رێگەى میکانیزمێکى هاوبەش و هێزێکى هاوبەش کە پۆلیسى فیدراڵى و هێزەکانى پێشمەرگەن بپارێزرێن".
دەشڵێت "چەکدارانى پەکەکە/یەپەگە کە گرووپى عێراقى نین، هەروەها حەشدى شەعبى مەترسییەکى گەورەن لەسەر ژیانى هاووڵاتییان لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، حەشدى شەعبى مەزهەبگەرایی و هزرى تاییفى لەنێو خەڵک بڵاودەکاتەوە، لە شنگال و زوممار بە هۆى مەترسییەکانى پەکەکە و حەشدى شەعبى خەڵک ئاوارە بوون و ماڵوحاڵى خۆیان جێهێشتووە. لە کەرکووک و خورماتووش کورد و عەرەبى سوننە لە لایەن حەشدى شەعبى بە ئامانج دەکرێن و دەکرێنە قوربانى ململانێى تاییفى".
سەرۆکى دەستەى گشتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم ئاشکراى دەکات کە لە شنگال تا دەگاتە کەرکووک هاووڵاتى کورد و عەرەبى سوننە کوژراو و بریندار و بێسەرشوێن کراون و ماڵى هاووڵاتییان لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داگیر کراون و زەوى و زارییان بەسەر چەکدارەکانیان دابەشکردووە و سەروەت و سامانەکانیان بە تاڵان بران، پێویستە حکوومەتى عێراق بە ئەرکى خۆى هەڵبستێت و بەزووترین کات ئەو چەکدارانە لەو ناوچانە دەربکات بۆ ئەوەى ئاوارەکانیش بتوانن بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
سندى گوتى: "ئەگەر پۆلیسى فیدراڵ و سوپاى عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم جووڵەیان پێکرابا، رەنگە رێگریی و لارى لە لایەن ئێمە نەبووایە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەو ناوچانە پێویستیان بەوە نەبووە کە حەشدى شەعبى و پەکەکەى بۆ بهێندرێت".
- "کۆمەڵگەى نێودەڵەتى بە شێوەیەکى بەرفراوانتر لەسەرهێڵن بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان"
سەرۆکى دەستەى گشتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، نەسرەددین سندى باسى لە رۆڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد و گوتى: "بە مەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەى رێگەچارەیەک بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەروەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە شێوەیەکى بەرفراوانتر لەسەرهێڵن بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ و دانوستان، ئومێد دەکەین لەمە زیاتر درێژە نەکێشێت".
سندى پێیوایە کە عێراق بە هۆى ئەو هەڵبژاردنەى لە پێشیەتى دەست بە دانوستان ودیالۆگ ناکات لەگەڵ هەرێمى کورستان دواى هەڵبژاردن پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر ئاسایی دەبێتەوە.
- "ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەسەدا ٤٨ى خاکى هەرێم پێکدەهێنن"
سەرۆکى دەستەى گشتى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، نەسرەددین سندى باسی لە رووبەری خاکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرد و لەوبارەیەوە گوتی: "ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لەسەدا ٤٨ى خاکى هەرێم پێکدەهێنن و لە ئێستادا چەند ناوچەیەکى کەم نەبێت کە لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدان، تەواوى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کەوتووەتە دەست سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکانى دیکە".