Cemal Sargati
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
سلێمانی-AA
ژالیا سیروان تەمەن ٢٠ ساڵ دانیشتوی شاری سلێمانی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشاجوانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا لە ئێستادا خوێندکاری بەشی ژمێریارییە.
شاجوانی ھەرێمی کوردستان، ژالیا سیروان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "وەک شاجوانی ھەرێمی کوردستان بڕیارم داوە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدەم کە ئەوەش وەک ئەرکێکی خۆم کە پێویستە خزمەتی ھەرێمی کوردستان بکەم لە ئێستاشدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەم".
ژالیا سیروان گوتی: "ئەو پرۆژانە کە بڕیارە لە داھاتوودا جێبەجێی بکەم بریتین لە دروستکردنی چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئاوارانەی کە نزیک پارێزگای دھۆک نیشتەجێن. لە ئێستاشدا توانیومانە ھاوکاری ئەندامی ئەنجوومەنی فەڕەنسا بەدەستبھێنین کە ئەوان ھاوکاریمان دەکەن لەم پرۆژەیەدا، بەڵام کەمێک کاتی پێویستە بۆ ئەوەی دروست بکرێن".
شاجوانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند "لە چوارچێوەی پرۆژەکانم، پرۆژەیەکی تر تایبەتە بەپێشمەرگە ئەویش کردنەوەی ھەژمارێکی بانکییە کە ھەر کەسێک بیەوێت ھاوکاری پێشمەرگە بکات ئەو بڕە پارەیەی کە دەیبەخشێت لەو ھەژمارە بانکییە دایدەنێت و ئێمەش ھاوکاری خێزانەکانی پێشمەرگە دەکەین بەو ھەژمارە بانکییە".
ناوبراو راشیگەیاند کە پڕۆژەیەکی تری ھەیە و گوتی: "گەڕانە بەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان و ناشتنی نەمام لە سەرجەم شارەکان و بۆئەوەی ھەرێمی کوردستان زیاتر سەوز بکرێت و ژینگەیەکی پاکتری ھەبێت".