Azat Muhammet
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2017
دهۆک-AA
تا چەند پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا پێشڤەچوونى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل جموجۆڵى بازرگانى و گەشتیارى زیاتر دەبێت، وەک بەرپرسانى پەیوەندیدار ئاماژەى پێدەدەن سەرەڕاى هەموو قەیرانەکان، هاموشۆى بازرگانان و گەشتیاران بەباشى بەردەوامە.
پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا بەچەندین قۆناغدا تێپەڕین و قۆناغ دواى قۆناغ پەیوەندییەکان بەرەو باشتر هەنگاویان ناوە لە ئێستادا پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێم و تورکیا گەیشتووەتە ئەو ئاستەى کە رۆژانە نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەى تورکیا بکرێت و لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە بگەیەنرێتە وڵاتانى جیهان.
تورکیا لە چەندین رێگەوە ئاڵوگۆڕى ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان دەکات، بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافییەوە هەرێم و تورکیا بوونەتە پردى نێوان وڵاتانى رۆژئاوا و وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. هەوڵەکان لەنێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بەردەوامن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەردوولا، بۆیە بڕیاریشە لە سەردانەکەى سەرۆکوەزیرانى تورکیا، بیناڵى یەڵدرم بۆ هەولێر جگە لە پەیوەندییە سیاسییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، پرسى پەیوەندییە ئابوورییەکانیش لەگەڵ هەرێمى کوردستان تاوتوێ بکرێت.
تورکیا ساڵانە دەیان ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکات لەگەڵ هەرێمى کوردستان، ئەویش لە هەناردە کردنى نەوت لە رێگەى بۆڕییەوە کە لە ساڵى ٢٠١٣ گرێبەستێکى درێژ خایەن لەنێوان هەردوولا واژوو کراوە و هەروەها هاوردەکردنى جۆرەها کەلوپەل و پێداویستى رۆژانە لە تورکیاوە بۆ هەرێمى کوردستان، زۆرینەى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستان لە رێگەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل-ەوە لە نێوان هەرێم و تورکیا ئەنجام دەردرێت.
ئابووریناسان پێیانوایە کە تورکیا یەکێک بووە لە دراوسێیە باشەکانى هەرێمى کوردستان و لە بواردا هاوکارى هەرێمى کوردستانى کردووە بۆ نموونە پێدانى قەزر بە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەردەوامبوونى کۆمپانیاکان لە کارەکانى خۆیان لە کاتێکدا کە چەندین کۆمپانیاى ئەورووپی و ئەمریکى بەهۆى بوونى شەڕى داعشەوە هەرێمى کوردستانیان جێهێشتبوو. لە ئێستادا گرنگى سەردانى سەرۆکوەزیرانى تورکیا، بیناڵى یەڵدرم سەرجەم پەیوەندییەکان پتەوتر دەکرێن بەتایبەتى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێم کە ئەمە کاریگەرى ئەرێنى لەسەر ژیان و گوزەرانى خەڵک و جموجۆڵى بازاڕەکانیش دەبێت.
- ئامرازەکانى پەیوەندییە ئابوورییەکانى هەرێم و تورکیا
لەنێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا دوو دەروازە هەن کە هەردوولا پشتى پێدەبەستن بۆ مانەوە و بەردەوامبوونى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوانیان، یەکەم دەروازەى وشکانییە کە دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیلە دووەمیشیان دەروازەى ئاسمانییە کە لە فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى پێکدێت.
لە بارەى گرنگى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرکەکان لە وەزارەتى دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ساماڵ عەبدوڵڕەحمان بەئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "گرنگترین دەروازەى سنوورى نێوان عێراق، هەرێمى کوردستان و تورکیا، دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل-ە، چونکە ئەو دەروازەیە یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا، دواتر ئەو دەروازەیە تورکیا بەهەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى عەرەبى دەبەستێتەوە، بەهەمان شێوە هەرێمى کوردستان بەتورکیا و وڵاتانى ئەورووپا دەبەستێتەوە''.
ساماڵ عەبدوڵڕەحمان گوتى: "پێداویستییەکانى خەڵک و کەلوپەلەکانى ژیانى رۆژانەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان و عێراق لە رێگەى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت، ئەمە لووتکەى گرنگییە لە رووى بارزگانییەوە لەنێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا".
سەبارەت بەگەشتیارى ئابوورى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان. گوتەبێژى دەستەى گشتى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، نادر رۆستى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەیوەندى گەشتیارى ئابوورى لەنێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باشدایە، کە ئەمە خاڵێکى گرنگە هەردوو لامان لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانین، چونکە خزمەت بەئابوورى هەرێم و تورکیا دەگەیەنێت و بوژاندنەوە و جموجۆڵى زیاتر دەکەوێتە ناو بازاڕەکانى عێراق، هەرێمى کوردستان و تورکیا".
رۆستى گوتیشی: "لەبەر ئەوەى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێم زۆر باشە، ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى ئابوورى روو لە تورکیا دەکەن و لەبەرامبەریشدا هاووڵاتییانى تورکیا روو لە هەرێمى کوردستان دەکەن رەنگە بەڕێژەیەکى کەمتر بێت، بەڵام لە پێشوەچوونى بەردەوامدایە پەیوەندیە ئابوورییەکانمان. بۆ زیاتر پێشختنى پەیوەندییە ئابوورى و گەشتیارییەکانى نیوان هەرێم و تورکیا کۆنسۆڵى تورکیا لە هەولێر سەردانى دەستەى گشتى گەشتوگوزارى کردووە و ئێمەیش چەندین جار دیدارمان لە تورکیا بەو مەبەستە ئەنجام داوە".
ناوبراوگوتیشی: "بۆ بەهێز هێشتنەوەى ئەو پەیوەندییە ئابوورییەى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دوو دەروازەمان هەیە، یەکەمیان دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل-ە دووەمیشیان دەروازەى ئاسمانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و سلێمانییە. تەنها لە دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل رۆژانە بەهەزاران هاووڵاتى هاموشۆ دەکەن لە نێویان گەشتیار، بازرگان و کەسایەتى جۆراوجۆ هەن، بەبێ سستبوونەوە جموجۆڵ لە نێوان هاووڵاتییانى هەردوولا بەردەوامى هەیە".
بەرپرسى گشتى کاروبارى پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزارى دهۆک، شەماڵ جەعفەر هرورى لە لێدوانێکى بەئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "سەرەڕاى هەبوونى قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان و بوونى شەڕى تیرۆریستانى داعش لە سنوورى هەرێم/ خۆشبەختانە جموجۆڵى بازرگانى بە بەراورد بەساڵانى رابردوو کەمى نەکردووە، ئەو رێژانەى لەلایەن ئێمە تۆمار کراون هیچ کۆڕانگارییەکى بەسەردا نەهاتووە کەم نەبووەتەوە بەڵکو بگرە جموجۆڵە بازرگانییەکان و گەشتیارییەکان لە پێشوەچوونى بەردەوام دان".
هرورى گوتى: "لە ساڵى٢٠١٥ هەروەها ٢٠١٦ ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان هاموشۆیان کردووە، کە زۆرینەیان بازرگان و گەشتیار بوون، بەهۆى بەهێزى پەیوەندى ئابوورى نێوان هەردوولا ئەم رێژەیە لە پەرەسەندى زیاتردایە، چاوەڕوانیش دەکەین دوایی باشتر بوونى دۆخى دارایی هەرێم و نەمانى داعش ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان بەرەو باشترین هەنگاو بنێن".
گوتیشى: "ئەگەر مەترسییەکانى پەکەکە لەسەر رێگا و بانەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان نەبووایە چاوەڕوانمان دەکرد، رێژەى بازرگانى و گەشتیارى بەڕێژەى ٥٠ لە سەدى زیادى بکردایە، بەڵام بەهۆى بوونى هەڕەشە لەسەر گیانى هاووڵاتییان رێژەکە لە ئاست چاوەڕوانکراوە نەبوو".