Hemin Hüseyin
18 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2018
هەولێر - AA
لە هۆڵی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان، ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کرد کە تیایدا داوایانکرد رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت.
یاداشتەکە لە لایەن سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، سەرەوەر عەبدولڕەحمان خوێنرایەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرێت و گوتی: "بە پێی بڕگەی یەک لە ماددەی یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێم و پیادەکردنی بڕگەی دوو لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت و بەم پێیەش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارە لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی: "بە پێی یاسا، دەبێت بەر لە ٦/٩/٢٠١٨ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەر بە پێی یاسای کۆمسیۆنی باڵا، ئەوا ١٨٠ رۆژ پێویستە بۆ خۆئامادەکردن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا تۆمارێکی دەنگدەرانی پاک نییە و ھەموو لایەک داوای پاککردنەوەی دەکەن، تەنانەت لە لای ھەندێک لایەن بووەتە مەرجی پێشوەختەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان".
سەروەر عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکرد کە بە پێی یاسا دەبوایە لە رۆژی ٦/٣/٢٠١٨ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرابووایە و بوودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرابووایە بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵا کاتی ھەبێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.
سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی: "لە کاتێکدا کە ھەڵبژاردنی عێراق بەر لە هەڵبژاردنی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەگەر کاتی ھەڵبژاردن لە ئێستادا دیاری نەکرێت ئەگەری ئەوەی ھەیە ئەو لایەنانەی دەنگ کەم دەهێنن لە ھەڵبژاردنی عێراق، ئەوکات رێگری دروست بکەن بۆ دیاریکرنی وادەی ھەڵبژاردن".
ناوبراو راشیگەیاند، لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەنھا ٥٦ کورسی بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە بە پارێزگای کەرکووکیشەوە کە ٢٠ لایەنی سیاسیی لە کوردستان کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ ئەنجامدانی وادەی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی ١٢ی ئایاری ئەمساڵ دیاریکراوە و تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە.