Menna Ahmed
16 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2019
پاریس ــ AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان رایگەیاند، بە مەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە ئاسایشی ئەو گرتووخانانەی كە چەكدارە بیانییەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا تیادا بەندكراوان سەردانی عێراق دەكات.
رۆژنامەی (Le Nouvel Observateur)ی فەڕەنسی بڵاویكردەوە كە جان ئیف لۆدریان لە بەردەم پەرلەمانی فەڕەنسا سەبارەت بە دۆسیەی چەكدارە بیانییە بەندكراوەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دواوە.
وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو گرتووخانانەی كە لەژێر كۆنتڕۆڵی رێكخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەكەكە دان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان گوتوویەتی: "پێشتر وەبیرم هێناوەتەوە كە لەئێستادا، ١٠ هەزار چەكداری توندڕەو لە گرتووخانەكاندا بەندكراوان و پێویستە ئاسایشی ئەو گرتووخانانە دەستەبەر بكەین".
جان ئیف لۆدریان ئەوەشی گوتووە "لەبەر ئەو هۆكارە لەسەر داوای سەركۆمار، ئیمانوێل ماكرۆن بەم زووانە سەردانی عێراق دەكەم لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لەنێویاندا كوردەكان (تیرۆریستانی یەپەگە/پەكەكە) گفتوگۆ دەكەم سەبارەت بە رەوشی ئەمنی ئەو گرتووخانانە بە تایبەتیش ئاسایشی خۆمان"، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
ماوەی چەند مانگێكە ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا لەنێویاندا فەڕەنسا، هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی میكانیزمێكی دادوەریی نێودەوڵەتی بدۆزنەوە تا چەكدارە بیانییە بەندكراوەكان لە سووریا لە عێراق دادگایی بكرێن.