جيهان

نەتەوە یەكگرتووەكان دەستپێشخەرییەك بۆ عێراق دەخاتەڕوو

- نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی): "دەستپێشخەرییەكمان بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق خستووەتەڕوو".

İdris Okuducu  | 11.11.2019 - نوێکردنەوە : 12.11.2019
نەتەوە یەكگرتووەكان دەستپێشخەرییەك بۆ عێراق دەخاتەڕوو

Istanbul

ئیستانبوڵ ــ AA

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) رایگەیاند، دەستپێشخەرییەكی بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق خستووەتەڕوو كە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت.

دەستپێشخەرییەكە پشتی بەستووە بە كۆمەڵێك بنەمای چاكسازی كە دەبێت حكوومەت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بەپەلە ئەنجامی بدات.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و خۆپیشاندەران گفتوگۆیان كردووە و گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە پێویستە چەند بنەمایەكی سەرەكی هەن رەچاو بكرێن لەوانە پاراستنی مافی هاووڵاتییان و دەستەبەركردنی مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەگەڵ ئازادی رادەربڕین وەك لە دەستووردا ئاماژەیان پێكراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاندووە، دەستپێشخەرییەكی بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق خستووەتەڕوو كە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت لەوانە پێویستە هێزە ئەمنییەكان دان بەخۆدا بگرن لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا و هەروەها نابێت گازی فرمێسكڕێژ بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكاربهێنن.

بەپێی راگەیەندراوەكە یەكێك لە خاڵەكانی دیكەی نێو دەستپێشخەرییەكە ئاماژە بەوە دەكات كە گرنگە دادپەروەریی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بەدی بێت و تاوانبارانیش سزا بدرێن و هەروەها بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت كە هێرشیانكردووەتە سەر سامانی گشتی و تایبەت.

هەروەها نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پێشنیازیكردووە كە لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەك سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن، دەست بكرێت بە لێكۆڵینەوە لە حاڵەكاتەكانی رفاندن و ئەنجامدەرانی ئاشكرا بكرێن و بدرێن بە دادگا.

هەر لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەدا، یۆنامی پێشنیازی ئەوەشی كردووە كە بەپەلە ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێن كە بەرپرسن لە بەئامانجكردنی خۆپیشاندەران و بدرێن بە دادگا و، هەروەها ئەو كەسانەش سزا بدرێن كە گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكارهێناوە.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داواشی لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك دەستوەرنەدەنە كاروباری ناوخۆی عێراق و رێزیش لە سەروەرییەكەی بگرن.

یۆنامی راشیگەیاندووە كە پێشنیازێكی بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا دەنگی لەسەر بدرێت.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەشی كردووە كە لە میانی چاكسازییەكانی كەرتی ئاسایش، چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، هەروەها سیاسەتمەدارانیش تەواوی سامانی دارایی خۆیان لە ناوە و دەرەوەی وڵات ئاشكرا بكەن، جگە لەوەش دەبێت پارتەكان لیژنە داراییەكانیان هەڵوەشێننەوە.

یۆنامی باسی لەوەشكردووە كە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەدا داوایكردووە كە لە ماوەی سێ مانگدا كار بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بكرێت و دواتر هاووڵاتییان دەنگی لەسەر بدەن، هەروەها دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگا بكرێت و هەموو ئەو بەرپرسانەی كە تێوەگلان لە گەندەڵی دادگاییكرێن، بەدەر لەوەش یۆنامی داوایكردووە هەندێك یاسا دەربكرێن وەک یاساكانی "ئەمەت لەكوێ بوو"، "دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی"، "چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون" لەگەڵ "نەوت و غاز".

تا ئێستا هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك لەوبارەوە لە لایەن كاربەدەستانی عێراقەوە بڵاونەكراوەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın