Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2018
ھەڵەبجە ـ AA
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە یادی ٣٠ ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، لە ھۆڵی وەرزشی ھەڵەبجە بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرپرسانی حکوومی و حزبی، نوێنەر وکۆنسوڵی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، کەسوکوکاری قوربانیانی کیمیابارانی شارەکە و ژمارەیەکی زۆری میوانەکان، چالاکییەکان دەستی پێکرد و چەندین گوتار و چالاکی ھونەری پێشکەش کران.
پارێزگاری ھەڵەبجە بە وەکالەت، عەلی عوسمان لە گوتەی بەخێرھاتنی میوانەکاندا گوتی: "ھەڵەبجە قۆناغ بە قۆناغ گەشە دەکات و ئێستا خاوەنی پەیکەری پارێزگایەک و ھەشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ١٠ بەڕێوەبەرایەتیە، ھەوڵی بەردەوامیشمان ھەیە بۆ تەواوکردنی ئەوانی تر".
عەلی عوسمان، بەناوی دانیشتووانی شارەکەوە داوای لە نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، پەیامی ھەڵەبجەییەکان و نیگەرانییەکانیان بگەیەنێتە حەیدەر عەبادی و کار بکەن لەسەر بڕیاری کۆبوونەوەی رۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە کارکردن بۆ ناساندنی ھەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ.
لە رۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠١٤دا بڕیاری بەپارێزگابوونی بەفەرمیی لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام تائێستا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە فەرمی ھەڵەبجە وەک پارێزگایەک نەناسێنراوە.
لای خۆیەوە وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەحمود حاجی ساڵح گوتی: "جێگای نیگەرانییە حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی چەکی کیمیایی نەکردووەتەوە وەک لە دەستوور ھاتووە و حکوومەتی پابەندکردووە بە قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، بۆیە داواکارین لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی ئەم مادەیە جێبەجێ بکەن".
ئەو ھیواشی خواست حکوومەتی ناوەندی عێراق وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجەدا بکات و نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی بەغدا تائێستا ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ شارەکەدا نەکردووە".
مەحمود حاجی ساڵح گوتیشی: "رۆژانە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی گیان لەدەست دەدەن، بەھۆی قەیرانی دارایشەوە نەتوانراوە ئەو نەخۆشخانەیەی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە دروستکراوە تەواو بکرێت، بۆیە داوای ھاوکاری لەلایەنە بەرپرسەکان دەکەین بۆ تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەیە".
مەھدی عەلاق کە وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەشداری لە یادەکەدا کرد، سڵاوی سەرۆکوەزیرانی عێراقی گەیاندە دانیشتووانی شارەکە و رایگەیاند "کارەساتی ھەڵەبجە تاوانێکە لەبیر ناکرێت"، ئاماژەی بەوەش کرد یادی ئەم کارەساتە دەکەنە بنەمای پێکەوە ژیان لە عێراقدا".
مەھدی عەلاق لە گوتارێکدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە گوتی: "ئە م کارەساتە یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی رژێمی پێشووی عێراق لە پێش ٣٠ ساڵ لەمەوبەر کە مەرگ لە ھەموو شارەکەدا بڵاو بوویەوە، لە جوانترین ناوچەی خاکی کوردستانی عێراق ، ئەوەی رەنگدانەوەی ئەو بیرە توندە بوو کە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق ھەیبوو".
عەلاق گوتی: "لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی ھەرێم ھەیە، دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی و دەستکردن بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، کارێکی پێکەوەیی لەناوچەکانی باشوور لە گومرگ و داھاتەکانی تر، بەرەو پێشچوون لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەردوولا ھەیە".
لەلایەکی ترەوە لە ئێستادا لە مۆنۆمێنتی یادگاری ھەڵەبجە و مەزاری شەھیدانی کارەساتەکە، چالاکییەکان بەردەوامی ھەیە و ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژە جیاجیاکان سەردانی ئەو دوو جێگایە دەکەن کە سیمبولی کارەساتەکەن و تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەھیدەکان دادەنێن.
لە کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا (لە رۆژی ١٩٨٨/٣/١٦) زیاتر لە ٥ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی تریش بریندار بوون.
ساڵانە و لەم رۆژەدا یادی ئەو کارەساتە لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەڵەبجە بەتایبەتی دەکرێتەوە، لەم بۆنەیەشدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ساز دەکرێن.