Sarmand Hameed
13 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2018
عێراق - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دوای گەڕانەوەی لە برۆکسل کە بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش سەردانی بەلجیکای کردبوو، راستەوخۆ سەردانی پارێزگای بەسرەی کرد و لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا هاتووە "سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە برۆکسلەوە کە بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش سەردانی بەلجیکای کردبوو، گەیشتە پارێزگای بەسرە".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە کە حەیدەر عەبادی لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە و گوێی لە راپۆرتێکی تیروتەسەل گرتووە لەبارەی دۆخی پارێزگای بەسرە.
لە بەیاننامەیەکەدا هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەخراوەتە روو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هۆشداری دا لە بوونی کەسانێکی تێکدەر لەریزی خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرە بەبێ ئەوەی ناسنامەکانیان ئاشکرا بکات.
سەردانی حەیدەر عەبادی بۆ پارێزگای بەسرە لەکاتێکدایە کە ماوەی شەش رۆژە خەڵکی پارێزگاکە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوی رەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک کارەبا و ئاو دەکەن.