Sarmand Hameed
10 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2021
هەولێر - AA
فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی چاکسازیی لە بواری باج رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دهكات.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازیی کە پێداگرى لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بە شێویەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ رێکخستنی باج و لەو پێناوەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو رێکارانە ئاشکرا کراون کە حکوومەت بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ رێکخستنی باج گرتوویەتەبەر کە بریتین لە:
یەکەم: بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرهەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سووتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سووتەمەنییەکان، باج بەم شێوەیە وەربگیردرێت کە لە رێکەوتى ٢٠٢١/٣/٥ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە:
ـ لەسەدا حەوت باج لە بەها لە کاتی هاوردەکردن
ـ لەسەدا چوار باج لە بەها لە کاتی هەناردەکردن
دووەم: مامەڵەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز رایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت.
سێیەم: وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لەلایەن وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان ئەنجام دەدرێت.
چوارەم: دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار (Suppliers) خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن.
پێنجەم: وەرگرتنی باج لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە رێکەوتى ٢٠٢١/١/١٧ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.